فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ پشکنینى پزیشکى بۆ سودمەندبوانى ماڵى بەساڵاچوان ئەنجام دەدەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٤/٤/٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەچاودێرى و سەرپەرشتى دکتۆر عەلی محمد حسێن، مامۆستایانى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل و محمد محمد حسێن) لە ماڵى بەساڵاچووانی شارى هەولێر چەند پشکنینی سەرەتایی تاقیگەیی پزیشکییان بۆ بەساڵاچوان بەبێ بەرامبەر ئەنجامدا.
لە میانەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان دواى هەڵسەنگاندنی دۆخى تەندروستی کەسانی بەساڵاچوو لە ماڵى بەساڵاچوان، ئینجا پشکنینى جیاوازیان بۆ چاودێریکردنی پێوەرە تەندروستییە گرنگەکان و پێدانی زانیاری دەربارەی تەندروستی بەساڵاچوان کرد، بەساڵاچوان و بەڕێوەبەرانى ماڵى بەساڵاچوان دەستخۆشى و سوپاسى فێرخوازانیان کرد، هەروەک جەختیان لەسەر گرنگی ئەم جۆرە بەرنامانە بۆ هۆشیاری تەندروستى توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگە کردەوە.
بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ساڵانە لە چوارچێوەى بەستنەوەى زانکۆ بە کۆمەڵگە و خزمەتکردنى توێژە جیاوازەکان، چالاکى جۆراوجۆر لە شوێنە گشتیەکان ئەنجام دەدات، ڕێکخستنى ئەو چالاکیە لەگەڵ ئەوەى هەنگاوێکە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕۆحی خۆبەخشی لەنێو فێرخوازان، لەهەمانکاتدا لە ڕوى زانستیەوە ڕاهێنانى فێرخوازانە بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگە لە بوارە جیاوازەکان.