فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ چالاکیەکى مرۆیی لە خانەى بێ سەرپەرشتان ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی چالاکییەکانیان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤/١٠/٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر بەختەوەر زیاد عومەر، سەردانی خانەی بێ سەرپەرشتانى کوڕان و کچانیان لە هەولێر کرد.
بە گەیشتنیان لەلایەن خاتوو دیمەن محەمەد بایز، بەڕێوەبەری خانەی بێ سەرپەرشتانى کچان، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى خانەکە، لەوێ لەگەڵ منداڵەکان تێکەڵ بوون و ئاشنای وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان و پێداویستییە جیاوازەکانیان بوون. لە ماوەی سەردانەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پێداویستی سەرەکییان پێشکەش بە منداڵانى خانەکە کرد، لەوانە جلوبەرگ بۆ تەمەنە جیاوازەکان، کەلوپەلی هونەری و کاری دەستی و پێداویستی قوتابخانە، ئەوەش لە پێناو پشتگیریکردنی پەرەپێدانى پەروەردەیی و داهێنەرانەی منداڵەکان.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری خانەی بێ سەرپەرشتانى کچان سوپاسى فێرخوازانى کرد لەسەر دەستپێشخەرییە مرۆیی و بەخشندەیییەکەیان، بۆ ئەوەش فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ سوپاسى پێشوازییە گەرمەکە و ڕەخساندنی دەرفەتەکەیان کرد بۆ بەشداریکردن لە ئەزموونێکی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی پڕ واتادا.