فێرخوازانى بەشى بەشی پەرستاری تەندروستیی لە نەخۆشخانە ئاشناى ژینگەى کارکردن دەکرێن
سەرۆکایەتى بەشی پەرستاری تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ئاشناکردنى فێرخوازانى بەشەکە بە ژینگەى کارکردن گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم ڕێکخست.
لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٩/١٠/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى دکتۆر (فیراس ئیسماعیل مستەفا) بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێریان کرد و، بە گەرمی لەلایەن ستافى کارگێڕى نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، سەرەتاش کورتەیەکیان لەبارەى کارى پەرستارى لە نەخۆشخانەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان دەرفەت بە فێرخوازان درا بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بەکارى پەرستارى لە بەشەکانى نەخۆشخانەکە، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان هەریەک لە بەشەکانى (فریاکەوتن، یەکەی تیشک، تاقیگە، سووتان و، هۆڵەکانی مانەوەی نەخۆشانی ناوخۆیی (Inpatients)یان) بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەشێوەیەکى مەیدانى لەلایەن ستافى بەشەکان باسیان لە کارى ڕۆژانەى پەرستارى بۆ فێرخوازان کرد.
دواتریش مامۆستاى سەرپەرشتیار باسى لەو مەترسییە پیشەییە ئەگەرییانە کرد، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووى کارمەندانی چاودێریی تەندروستی دەبێتەوە، بۆ ئەوەش باسى لە میکانزم و پرۆتۆکۆلە ستراتیژییەکانی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنى نەخۆشیە گوازراوەکان کرد، ئەوەش بەکارهێنانی دروستی کەرەستەکانی خۆپارێزیی تاکەکەسی و، بەڕێوەبردنی کاریگەریی پاشماوە پزیشکییەکان.
لە کۆتایشدا مامۆستاى سەرپەرشتیارى فێرخوازان سوپاس و پێزانینی سەرۆکایەتى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵى ئاراستەی کارگێڕیی نەخۆشخانە و ستافى نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێری کرد بۆ پاڵپشتییەکەیان و ڕەخساندنى ئەودەرفەتەبۆ فێرخوازان.