فێرخوازانى بەشى تەندروستى کۆمەڵ کارگەى لەقوتونانى شیر بەسەردەکەنەوە
بۆ ئاشنابوون بەهەنگاو و چۆنیەتى بەرهەمهێنانى لەقوتونانى بەرهەمەکانى شیر، سەرۆکایەتى بەشى تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٣/ ١/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (ئەیاد عەبدوڵلا ڕەشید) فێرخوازانى قۆناغى سێیەم کارگەى لەقوتونانى بەرهەمەکانى شیرى (دەلبا)یان لەشارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەکەیاندا، سەردانى بەشەکانى کۆنتڕۆڵ و دڵنیایی جۆرى بەرهەمهێنان و تاقیگەى مایکرۆبایەلۆجى کارگەکەیان کرد و ئاشناى ڕێنماییە پێویستەکانى بەرهەمهێنانى بەرهەمەکانى شیر بوون، هەروەک ڕێوشوێنەکانى هەڵسەنگاندن و خاوێنکردنەوە بەتایبەت لە میکرۆب، كلۆستريديوم، سالمونيلا، ليستيريا …هتد وێستگەیەکى دیکەى ئاشنابوونى فێرخوازان بوون بەکارەکانى کارگەکە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، باس لەو بەرهەمانە کرا، کە لەو کارگەیە بەرهەمدێ، ئەوەش ڕوونکرایەوە هەریەک لەو بەرهەمانە بەکۆمەڵێک قۆناغى گرنگ تێپەڕدەبن، لەهەریەک لە قۆناغەکانیش بەگرنگیەوە ڕەچاوى لایەنى تەندروستى و خاوێنى و بەرزى کواڵیتى بەرهەمەکانیان دەکرێ.
فێرخوازان لەبەسەرکردنەوەى بەشەکانى کارگەکەدا، چەندین پرسیاریان لەبارەى وردەکارى کارەکان ئاراستەى لێپرسراوان و کارمەندانى بەشەکان کرد، هەربۆیە سەردانەکە بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان، چونکە لە نزیکەوە ئاگادارى شێوازى کارکردنى کارەکان بوون.