فێرخوازانى بەشى تەکنیکى سڕکردن ئاشناى کاروبارەکانى بانکى خوێن دەکرێن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى دووەم و سێیەم لە بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانى بانکى خوێنیان لە شارى هەولێر کرد.
لە میانەى سەردانەکەیادا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر نور الهدى إياد إبراهيم بەڕێوەچوو، فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن دکتۆر ڕوناک عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی بایۆلۆجی دێرین و بەرپرسی ڕاهێنانی پیشەیی (CPD) لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد و، بەشێوەیەکى مەیدانی هۆڵ و تاقیگە تایبەتەکانی بانکی خوێنیان بەسەرکردەوە، لە میانەى بەسەرکردنەوەکەیاندا فێرخوازان ئاشناى هەموو قۆناغەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ خوێن کران، هەر لە ساتەوەختی بەخشین و وەرگرتنى خوێن تاوەکو جیاکردنەوەی بۆ پێکهاتە سەرەکییەکان وەک خڕۆکە سوورەکان، پلازما و پەرەکانی خوێن، بۆ ئەوەش دکتۆر ڕوناک عەبدولڕەحمان ڕوونکردنەوەی وردی سەبارەت بە میکانیزمی پاراستن و گواستنەوەی خوێن بۆ نەخۆشەکان بەپێی پێداویستی پزیشکی خستەڕوو، هەروەک باسى چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە پێکهاتەکانى خوێن چارەسەرکردنی حاڵەتە نەخۆشییە جیاوازەکان وەک کەمخوێنی، خوێنبەربوون و نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێن بۆ فێرخوازان کرد.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بەرپرسی ڕاهێنانی پیشەیی (CPD) لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن ڕوونی کردەوە کە بانکی خوێنی حکومی لە هەولێر تاکە لایەنی ناوەندییە، کە بەرپرسیارە لە دابینکردنی خوێن و پێکهاتە پێویستییەکان بۆ نەخۆشخانە حکومی و ناحکومییەکان بە یەکسانی، ئەمەش بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان و دڵنیابوونە لە بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە سەرانسەری پارێزگاکەدا.
لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار بەناوى سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکى سڕکردن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى بانکى خوێن و ستافى کارگێڕى و بەتایبەت بەرپرسی ڕاهێنانی پیشەیی (CPD) لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنى کرد بۆ ڕەخساندن و ڕونکردنەوەى کاروبارەکانى بانکى خوێن بۆ فێرخوازان.
`







