فێرخوازانى بەشى تەکنیکى سڕکردن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر چالاکیى پراکتیکى ئەنجام دەدەن
گروپێک لە فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و پراکتیکی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ئەنجامدا و، چالاکیەکى پراکتیکیان بەڕێوەبرد.
لەمیانەى ئەو سەردانە، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتی 30-10-2026 بە سەرپەرشتی دکتۆر محەمەد ئەمین سەرمەد قاسم بەڕێوەچوو، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە یوسف موهەنەد ئەنوەر، پرژە کەیفی، و ئالا حوسێن چەند چالاکیەکى جۆراوجۆریان ئەنجامدا، سەردانەکە بە گەشتێکی مەیدانی بۆ چەندین یەکەی گرنگ و هەستیار لەناو نەخۆشخانەکەدا دەستى پێکرد، کە بریتی بوون لە هۆڵی پێشوازی و پۆلێنکردنی نەخۆشەکان (Triage)، هۆڵی فریاکەوتن و ڕووداوەکان (Red Zone) کە بۆ حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکانە، هۆڵی بەدواداچوون و چاودێری (Yellow Zone) بۆ حاڵەتە مامناوەندەکان، هەروەها یەکەی چاودێری چڕی پزیشکی (Medical ICU) کە تێیدا نەخۆشانی تایبەت و مەترسیدار دەخرێنە ژێر چاودێری ورد. لە میانەی گەشتەکەدا، فێرخوازان بە وردی چاودێری پڕۆسەکانی وەرگرتنی نەخۆش، هەڵسەنگاندنی خێرای حاڵەتەکان، و میکانیزمەکانی بڕیاردان لەبارەی چارەسەری سەرەتاییەوە کرد.
لە بەشێکى دیکەى ئەو سەردانەدا، فێرخوازان بە شێوەیەکی چڕوپڕ ئاشناى نوێترین ئامێرە پزیشکییەکان و میکانیزمەکانی کارپێکردنیان کران، لەوانە: ئامێری DC Shock بۆ ڕێکخستنەوەی لێدانی دڵ، ئامێری Ultra Sound بۆ بینینی ئەندامەکانی ناوەوەی جەستە، ئامێری Ventilator بۆ یارمەتیدانی هەناسەدان، Blood Pressure Monitor بۆ پێوانەکردنی فشاری خوێن، و Pulse Oximetry بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا. جگە لەمەش، ڕاهێنانی پراکتیکی وردیان پێکرا لەسەر چۆنیەتی ئامادەکردنی دۆزینەوەى دەمارەکان و شێوازە دروستەکانی دانانی (Cannula) ، هەروەها چۆنیەتی ئامادەکردنی دەرمانە پێویستەکان و پێدانیان بە نەخۆش.
خاڵێکی گرنگی دیکەی ڕاهێنانەکە بریتی بوو لە فێرکردنی چۆنیەتی وەرگرتنی مێژووی نەخۆشی (Take History) لە نەخۆش بە شێوازێکی زانستی و ورد، کە ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی دەستنیشانکردنی دروست و دانانی پلانی چارەسەری گونجاو. ئەم ڕاهێنانە پراکتیکییە یارمەتی فێرخوازانی دا بۆ بەکارهێنانی زانیارییە تیۆرییەکان لەسەر ئامێرەکان و پڕۆسە پزیشکییەکان لە دۆخی ڕاستەقینەی نەخۆشخانەدا.







