فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى بەشى تیشک لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت بەسەردەکەنەوە
بە ئامانجى ئاشناکردنى فێرخوازان بە ژینگەى کارکردن و ئامێرە پزیشکیەکان؛ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (2024/12/16) سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە زانکۆی جیهان – هەولێر گەشتێکى زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی یەکەم بۆ نەخۆشخانەی شار لە هەولێر ڕێکخست.
لە میانەى ئەو گەشتە زانستیەدا، کە بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر معن صفاء بەڕێوەچوو، فێرخوازان بەگەیشتنیان بە نەخۆشخانەکە لەلایەن هەڵمەت فارس بەرپرسی بەشی تیشکدانەوە لە نەخۆشخانەی شار پێشوازییان لێکرا، ئینجا ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی میکانیزمی نەشتەرگەری و ئامێرەکانى تیشک و، ڕۆڵی بەشەکەیان لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە جیاوازەکانى نەخۆشیی بۆ فێرخوازان باسکرد، دواتر هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ لە نزیکەوە ئاشناکردنى فێرخوازان بە ژینگەى کارکردنیان و ناساندنى ئامێرەکان بە فێرخوازانى قۆناغى یەکەم، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ئامێری پێشکەوتوو کە لە وێنەگرتنی تیشکیدا بەکاردەهێنرێن بە فێرخوازان ناساند، لەوانە ئامێری تیشکی (X-ray)، ئامێری وێنەگرتنی دەنگدانەوە موگناتیسیەکان (MRI)، ئامێری تۆمۆگرافی کۆمپیوتەریی (CT scan) و ئامێری مەمۆگرافی (Mammography).
وەک فێرخوازان باسیان کرد؛ گەشتە زانستیەکەیان بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە ژینگەى کارکردن و بەرزکردنەوەی توانای پراکتیکیان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنیان، جگە لەوەش دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و پیشەیی کارلێک بکەن و لە نزیکەوە ئاشناى ئەو ئامێرانە ببن کە لە ماوەی خوێندن و پیشەی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکەن.