فێرخوازانى بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین لە نەخۆشخانە ڕاهێنان لەسەر ئامێرەکانى پشکنینى چاو دەکەن
سەرۆکایەتى بەشى تەکنیکەکانی چاودێری چاو و بینین لە زانکۆى جیهان-هەولێر، چالاکیەکى ڕاهێنانى لەسەر ئامێرەکانى پشکنینى چاو بۆ فێرخوازانى قۆناغى دووەم لە نەخۆشخانەى سویدى لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١٠/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەنس زاری بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەرەتا لەلایەن موسعەب فیکری پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەیەکی لەبارەى ئەو خزمەتگوزارییانەى لە نەخۆشخانەکە پێشکەش بە چارەسەخوازان دەکرێ بۆ فێرخوازان باسکرد، بۆ ئەوەش بەتایبەت باسى بەشى دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنى بینایی و تەندروستى چاو کرد. دواتر فێرخوازان لەلایەن دکتۆر ئەنس زاری، مامۆستای سەرپەرشتیار، بە شێوەیەکی کرداری ڕاهێنانیان لەسەر چەند ئامێر و تەکنیکێکی نوێ لەبارەى چاو پێکرا، بەتایبەت چۆنیەتى بەکارهێنانى ئامێری ڕێتینۆسکۆپ (Retinoscope) بۆ دیاریکردنی کەموکورتییەکانی شکانەوەی ڕووناکی لە چاودا (Refractive Errors)، هاوکات فێرخوازان مەشقیان لەسەر بەکارهێنانی پریزم بار (Prism Bar) بۆ پێوانەکردنی گۆشەکانی حاڵەتی چەمیوی چاو (Strabismus) و تێپەڕاندنی بینینی یەکگرتوو پێکرا.
هەر لە چوارچێوەى ڕاهێنەکەیاندا، فێرخوازان لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار و ستافى تایبەت بە چاو لە نەخۆشخانەکە ئاشناى چۆنیەتى پشکنینی مادۆکس ڕۆد (Maddox Rod Test) بۆ ئاشکراکردنی لادانە شاراوەکانی چاو، و پشکنینی فۆر دۆت (Worth Four Dots Test) بۆ هەڵسەنگاندنی بینینی دووانی و دووبارە (Binocular and Double Vision) کران.
لە بەرانبەر ڕەخساندنى ئەو دەرفەتى ڕاهێنانە پراکتیکیە بۆ فێرخوازان، مامۆستاى سەرپەرشتیار دەستخۆشى و سوپاسى ستافى نەخۆشخانەکەى کرد وایکرد.