فێرخوازانى بەشى دیزاینى ناوەخۆ، دیزاینى پڕۆژەکان بەسەر دەکەنەوە
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بەدیزاینى پڕۆژەکان و، چۆنیەتى کارکردن لە دیزاینکردن بەشێوەیەکى پراکتیکى، سەرۆکایەتى بەشى دیزاینى ناوەخۆ لە زانکۆى جیهان، سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازەکانى ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٩/٩/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر مەریوان ئاراس، فێرخوازانى بەشى دیزاینى ناوەخۆ وەک بەشێک لە وانەکان سەردانى پڕۆژەى نیشتەجێبون (سلڤا ستى)یان کرد، لە میانەى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکەدا فێرخوازان ئاشناى دیزاینى پڕۆژەکان لە ڕوکارى دەرەوە و ناوەوە کران، هەروەک قۆناغەکانى دیزاینکردن و چۆنیەتى پراکتیزەکردنیان لەلایەن سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە بۆ فێرخوازان ڕونکرایەوە.
زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ دابینکردنى ستافى زانستى و تاقیگەى پێشکەوتوو بۆ فێرخوازان، سەردانى مەیدانى و بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکان و دامەزراوە و کۆمپانیاکان بەبەشێکى دیکەى پرۆسەى فێربوون و خوێندن بۆ فێرخوازان دادەنێ، بۆ ئەوەش ساڵانە چەندین سەردانى مەیدانى لە قۆناغ و بەشە جیاکان بۆ فێرخوازان ڕێکدەخات.