فێرخوازانى بەشى زانستی کۆمپیوتەر؛ هۆشیاری لەبارەى تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بڵاودەکەنەوە
لە چوارچێوەی پەرۆشی سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و بەرزکردنەوەی ئاستى پەیوەندى زانکۆ لەگەڵ کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر سەردانی قوتابخانەی ئامادەیی ساڤایان کرد.
فێرخوازان لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ڕیم جەعفەر ئەنجامیاندا، سەرەتا لە لایەن هۆشمەند سەهەند بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانیان ستایشی گرنگی ئەم دەستپێشخەرییە کرد لە پێناو پێگەیاندن و هۆشیاریکردنەوەى قوتابیان بە بوارە جیاوازەکانى تەکنەلۆجییا. پاشان فێرخوازان لە هۆڵى قوتابخانەکە بابەتێکی هۆشیارییان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی بواری تەکنەلۆجیا و زیرەکی دەستکرد پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، لە میانەى بابەتەکەیاندا فێرخوازان باسیان لە گرنگی بوارە جیاوازەکانى تەکنەلۆژیا و زیرەکى دەستکرد و و زیادبوونی کاریگەرییان لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ڕۆژانە و پیشەیی بۆ قوتابیان کرد، هاوکات قوتابیان ئاشنایی کۆمەڵێک ڕێگەى جیاواز کرد بۆ سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا زیرەک بۆ بوارى پەروەردەیی و پێگەیاندن.
چالاکیەکە بە گفتوگۆیەکى کراوەى نێوان قوتابیانى ئامادەیی ساڤا و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەبارەت بە تەکنەلۆژییەکان و، هاندانیان بۆ سودوەرگرتن لە پێشکەوتنە سەردەمییەکان لە جیهانی زیرەکی دەستکرد کۆتایی پێهات.