فێرخوازانى بەشى زانستی کۆمپیوتەر باس بازرگانیی ئەلیکترۆنی (E-commerce) دەکەن
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (لەیث فالح ڕەزووقی) سەردانى (قوتابخانەى هەولێرى٢)یان کرد و، سەرەتا بە گەرمى لەلایەن مامۆستا سافان تالیب حسێن بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا.
پاشان فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی دەیەمى قوتابخانەکە کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا ڕونکردنەوەیەکى زانستى سادەیان لەبارەى بازرگانیی ئەلیکترۆنی (E-commerce) و گرنگیی لە ستراتیژی پەرەسەندنى ئابووریی جیهانی هاوچەرخ پێشکە بە قوتابیان کرد و، بۆ ئەوەش ڕونکردنەوەى وردیان لەبارەى میکانیزمی ئەنجامدانی مامەڵە بازرگانییەکان و کڕین و فرۆشتنی تەواوی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی، بە بەراورد لەگەڵ بازرگانیی نەریتی پێشکەش بە قوتابیان کرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختیان لەسەر سوودە بەرچاوەکانی بازرگانیی ئەلیکترۆنى کردەوە، بەتایبەت لە دابینکردن و ڕایکردنى کاروبارى بازاڕکردن لە هەر کاتێکدا و لە هەر شوێنێکی جیهان بێ، توانای فراوانکردنی گۆڕەپانی کار بۆ گەیشتن بە بازاڕی فراوانتر، لەگەڵ ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردن، لەگەڵ ئەوەشدا فێرخوازانى بەشى زانستى کۆمپیوتەر هەنگاوە سەرەتایی و بنەڕەتییەکان کە پێویستن بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی وێبسایتە ئەلیکترۆنییەکان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکەیان ڕونکردەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و، بۆ ئەوەی زانیارییەکان ڕوونتر و سوودبەخشتر بن، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى کردارى پڕۆژەیەکى تایبەتی خۆیان پیشانى قوتابیانى قوتابخانەکە دا، پرۆژەکە بریتی بوو لە دوکانێکی دیجیتاڵی بۆ فرۆشتنی “جلوبەرگی وەرزشی” بۆ ئەو مەبەستەش بۆ قوتابیان ڕوونیان کردەوە کە چۆن ڕووکارەکانی پێشەوەی وێبسایتەکە دروست دەکرێن و گەشەیان پێدەدرێت بە بەکارهێنانی ژینگەیەکی گەشەپێدانی بینایی و ئامرازە سەرەکییەکانی پرۆگرامسازی.






