فێرخوازانى بەشى زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکیەکى خێرخوازى لە سەنتەرێکى ئوتیزم بەڕێوەدەبەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٨/١٢/٢٠٢٤) سەرۆکایەتى بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکى خێرخوازى بۆ گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى یەکەم و دووەم بۆ گەیاندنى کۆمەک و هاوکارى بۆ سەنتەری ئۆتیزمی ئیماراتى لە شارى هەولێر ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ڕیم جەعفەر ئیسماعیل بەڕێوەچوو، فێرخوازان کۆمەڵێک دیارییان لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و خۆشیدا پێشکەش بە منداڵانى سودمەندبووى سەنتەرەکە کرد، دیاریەکانیش پێشتر فێرخوازان لە زانکۆ لە مامۆستایان و فێرخوازان کۆیان کردبوەوە، لە بەرانبەردا تیمی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە ستایشی سەردانەکەى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد لە پاڵپشتیکردنی منداڵانى ئۆتیزم لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆ ئەوەش مامۆستاى سەرپەرشتیار جەختی لەسەر پابەندبوونی زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدانی ئاست و توانا و لێهاتویی فێرخوازان لە ڕووی ئەکادیمی و مرۆییەوە کردەوە، تا باشتر بتوانن ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا هەبێ.
سەنتەری ئۆتیزمی ئیمارات ژمارەیەک منداڵ لەخۆدەگرێت کە تەمەنیان لە نێوان سێ بۆ شەش ساڵدایە و، بە یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکان دادەنرێت کە پشتگیری و چاودێری بێ بەرامبەر بۆ پێشکەش بە منداڵانى ئۆتیزم دەکات، ئەمەش وایکردووە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە گرنگییەکی زۆریان هەبێت لە پاڵپشتیکردنی سەنتەرەکە، لە سەنتەرەکەدا ڕۆژانە وردە وردە کار دەکرێت بۆ ڕاهێنانی منداڵان بۆ دانیشتن و کەمکردنەوەی چالاکیی زۆر، ئەوەش بە بەکارهێنانی شێوازێکی پاداشت کە پشت بە هاندان و دیاری دەبەستێت، ئەمەش یارمەتی منداڵان دەدات تا ڕەفتارەکانیان باشتر بکەن و کارامەیی نوێ بەدەستبهێنن.