فێرخوازانى بەشى زانستی کۆمپیوتەر هەڵمەتێکی هۆشیاری سەبارەت بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN-SDGs) ڕێکدەخەن.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٤/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەم لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری ناوازەیان بۆ ئاشناکردنی کۆمەڵگا بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام (UN-SDGs) ڕێکخست.
چالاکیەکە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر عالیە ئەسعەد مەهدی بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەش سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار ئامانجەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانى بۆ فێرخوازان ڕوون کردنەوە، جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانکاری لە هۆشیاری کۆمەڵگە بە هۆکارى گرنگ زانى بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجانە. پاشان بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و کاریگەرییەکانیان، فێرخوازان بە جۆش و خرۆش و بەرپرسیارێتیەوە دەستیان بە هەڵمەتی هۆشارییەکەیان کرد، هەوڵیان دا پەیامەکەیان بگەیەننە بەرفراوانترین توێژی کۆمەڵگە، هەڵمەتەکەى فێرخوازان ڤیدیۆیەکی هۆشیاری پیشەییی لە خۆگرتبوو، کە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بە سێ زمانی (کوردی، عەرەبی، و ئینگلیزی) بڵاوکرایەوە بە ئامانجی گەیشتن بە گەورەترین بەکارهێنەر لە کۆمەڵگەدا. لە ڤیدیۆکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە چۆن ئەم ئامانجانە بەشدارن لە باشترکردنی ژیانی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی بەردەوامتر، جگە لەوەش فێرخوازان لە چوارچێوەى کەمپەینەکەیاندا سەردانی مەیدانی چەند شوێنێکی شاری هەولێریان وەک پارکی سامی عەبدولڕەحمان و ئیمپایەر مۆڵ، کە تیایدا فێرخوازان کارلێکیان لەگەڵ سەردانکەران کرد بۆ تیشک خستنە سەر گرنگی ئەو ئامانجانە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک.
لە چوارچێوەی هەمان هەڵمەتدا تیمی فێرخوازانى زانکۆ سەردانی قوتابخانەی دەریای بنەڕەتییان کرد، لەوێ لەلایەن مامۆستا نداء نبيل حيدر پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەو مەبەستە فێرخوازان هەڵمەتێکی هۆشیاری سادە و سەرنجڕاکێشیان بۆ منداڵانی قوتابخانە پێشکەش کرد و، ڕوونیانکردەوە کە چۆن ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان دەبێ، بەتایبەت لە بوارى خوێندن و پەروەردە و، پاکوخاوێنی و وزەی پاک.