فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى بەڕێگەى شانۆ ڕاهێنانى زمانەوانیان پێدەکرێ
سەرۆکایەتى بەشى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک بەشێکى مۆدێرن ڕێگە و میکانزمى جۆراوجۆر بەکاردەهێنێ بۆ ڕاهێنان و فێرخوازانى بەزمانى ئینگلیزى، نمایشکردنى شانۆ یەکێکى دیکە لە ڕێگەکان، کە بەشەکە بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى فێرخوازەکانى پەیڕەوى دەکات.
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (11/10/2022) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر ئامینە عەدنان لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ، فێرخوازانى قۆناخى سێیەمى بەشى زمانى ئینگلیزى لە ڕێگەى نمایشێکى شانۆیی بەزمانى ئینگلیزى و بەناونیشانى (پەتاکانى کۆمەڵگە) تیشکیان خستە سەر کۆمەڵێک لەو پەتا و دیاردە ناشرین و دزێوانەى کە لە کۆمەڵگەدا بونیان هەیە و، ڕۆژانە خەڵک گیرۆدەى بوون.
لە میانەى بەڕێوەچوونى شانۆکەدا، کۆمەڵێک لە فێرخوازان وەک ئەکتەر و هەریەک و لە گۆشەنیگایەکى جیاوە گوزارشتیان لەو پەتایانە دەکرد و، بەزمانى ئینگلیزى چیرۆکەکانیان دەگێڕایەوە، ئەوەش بووە جێى سەرەنجى فێرخوازانى دیکەى ئامادەبوو، شانۆگەرییەکە بووە دەرفەتێک بۆ دەرخستنى توانا و لێهاتویی و کارامەیی فێرخوازان لە بوارى زمانەوانى بەتایبەت بوارى هونەرى بەشێوەیەکى گشتى.