فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى سەردانى قوتابخانەیەکى تایبەت دەکەن
وەک بەشێک لە چالاکیە زانستیەکان، سەرۆکایەتى بەشى زمانى ئینگلیزى گەشتێکى زانستى بۆ ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٦/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هدى یاسین، فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەى جیهانى تایبەتیان کرد و لە نزیکەوە ئاشنایى ڕێگەکانى وانەوتنەوەى بەزمانى ئینگلیزى بوون.
فێرخوازان لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا، دواى ئەوەى لەلایەن بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازیان لێکرا، هانیش دران پەرە بەو چالاکیە زانستیانەیان بدەن و بەردەوام بن لە پراکتیزەکردنى وانەکانیان بەشێوەیەکى مەیدانى، وتیشى ئەم هەنگاوەتان دەرفەتێکى گرنگ تا لە دواڕۆژدا بتوانن دابمەزرێن، ڕاشگەیاند: دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلای ئێمە دەرفەتى تەواوى دامەزراندنیان بۆ دەڕخسێ بەپێى پێداویستى قوتابخانەکەمان.
پاشان، فێرخوازان دابەشى سەر چەند پۆلێک بوون بۆ بەشداریکردن لە وانەکانى زانست، بیرکارى و زمانى ئینگلیزى، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان سەرەنج و تێبینیەکانیان تۆمارکرد و بەخاڵێکى گرنگیان دانا بۆ فراوانکردنى ئاستى زانستیان بەتایبەت لە بوارى زمانەوانى.