فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە قوتابخانەیەک باس لە زیانەکانى جگەرکێشان دەکەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانی قوتابخانەی ئامادەیی بارزی ئەهلییان کرد چالاکیەکى هۆشیاری تەندروستیان بە ناونیشانی “جگەرەکێشان: جۆرەکانی و لێکەوتەکانی” ئەنجامدا.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (هەوری فاتیح) سەرۆکى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى سەردانى قوتابخانەکەیان کرد، سەرەتا فێرخوازان بەگەرمى لەلایەن مامۆستا ڕاستى غەفور بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دەستخۆشى لە فێرخوازان کرد بۆ پەرەپێدانی هاریکاری نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و قوتابخانەکان. پاشان ساڵح شوان فێرخوازانى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش بە قوتابیان کرد و، تیایدا بە وردى تیشکى خستە سەر جۆرە جیاوازەکانی جگەرەکێشان لەوانە (جگەرە، سیگار، نێرگەلە، تووتنی گەرمکراو (IQOS) و جگەرەی ئەلیکترۆنی (Vape) )، وتیشى هەموو ئەمانە زیاتر لە ٧,٠٠٠ ماددەی کیمیایی ژەهراوییان تێدایە، لەوانە نیکۆتین، قەتران، فۆرمالدەهاید، قورقوشم و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، بۆ ئەوەش بە وردى و زانستى باسى لە زیانەکانی ئەو ماددانە لەسەر تەندروستی و کۆئەندامی هەناسە و دڵ و خوێنبەرەکان کرد وتى: ئەم ماددانە دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجین لە خوێندا، لەناوچوونی خانەکانی سییەکان و دڵ، گۆڕینی کیمیای مێشک، جگە لە دروستکردنی گۆڕانی بۆماوەیی (genetic mutations) کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.
لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا ڕوو لە قوتابیانى قوتابخانەکە، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیکردەوە جگەرەی ئەلیکترۆنی جێگرەوەیەکی سەلامەت نییە، چونکە دەبێتە هۆی فشاری ئۆکسێنەر (oxidative stress) و زیانگەیاندن بە (DNA) و لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری، لە کۆتاییشدا ئامۆژگاریی کرداریی بۆ وازهێنان لە جۆرە جیاوازەکانى جگەرە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، گرنگیی گرتنەبەری شێوازێکی ژیانی بێ جگەرەکێشان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و بایۆکیمیایی خستەڕوو.
`