فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى باس لە زیانەکانی خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە وزەبەخشەکان دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١٢/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی یاریدەدەری مامۆستا عەبدوڵڵا جودەت، سەردانێکی زانستی و هۆشیارکردنەوەیان بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەیی دایاکۆ لە شارى هەولێر ئەنجامدا.
فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن مامۆستا نزهەت حەسەن ئەبوبەکر بەڕێوەبەری کۆمەڵگە، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکى کورتدا ستایشی ڕۆڵی زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد لە پشتگیریکردنی چالاکییە تەندروستی و پەروەردەییەکان کە لەلایەن فێرخوازانەوە بەڕێوەدەبرێن. پاشان فێرخوازان لە هۆڵى کۆمەڵگەکە ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان دەستپێکرد، بۆ ئەوەش دالیا دلێر بە ناونیشانی “مەترسییە شاراوەکانی خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوە وزەبەخشەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ” ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش کرد و، تیایدا بە وردی باسی کاریگەرییە بایۆکیمیایی و فسیۆلۆژییەکانی ئەم خواردنەوانە بڵاوانەی ناو گەنجان کرد.
لە بەشێکى دیکەى باسەکەیدا ڕوونی کردەوە کە خواردنەوە گازییەکان ڕێژەیەکی زۆری شەکر، کافاین، ترشی فۆسفۆریک و ڕەنگەکانی پیشەسازییان تێدایە، کە دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددان، کەمی ڤیتامینەکان، لاوازبوونی مژینی کالیسیۆم، بەمەش دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کافاین دەبێتە هۆی بێخەوی، دڵەڕاوکێ، زیادبوونی لێدانی دڵ و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا، لە کاتێکدا ترشی فۆسفۆریک مژینی کالیسیۆم لاواز دەکات کە بۆ تەندروستی ئێسک زۆر پێویستە.
لە کۆتایی قسەکەیدا، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر باسی زیانەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکانی کرد کە پێکهاتەی وەک تۆرین، گوارانا و جینسنگیان تێدایە، کە دەبنە هۆی زۆر چالاکبوونی کۆئەندامی دەمار و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ناڕێکی لێدانی دڵ، جگە لە تێکچوونی هۆرمۆنەکان لە کاتی زۆر خواردنەوەیان.
سیمینارەکە بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێکئامۆژگارى بۆ قوتابیانى کۆمەڵگەکە کۆتایی هات، کە تیادا هانى قوتابیانیان دا لە برى خواردنەوە گازییەکان ئاو، شەربەتی سروشتی، شیر، ماست و چای گیایی بخۆنەوە.