فێرخوازانى بەشى شیکاری تاقیگەی پزیشکی سەردانێکى زانستی بۆ تاقیگەی پزیشکی بنور ئەنجام دەدەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (١٢/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر سالی خەلیل باقر، سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ تاقیگەی پزیشکی بنور لە شارى هەولێر ڕێکخست.
فێرخوازان لەلایەن مستەفا زیاد محەمەد، کارمەند لە تاقیگەی پزیشکی بنور، پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەوەش سەرەتا باسى لە کارەکانى تاقیگەکەیان بۆ فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە جیاوازی نێوان نموونەی هیۆمۆلایزکراو (Hemolyzed Samples) و نموونەی زەردوویی (Jaundiced Samples) کرد، هەروەک ئاماژەى بە هۆکارە زانستییەکانی هیۆمۆلایز لە نموونەکانی خوێن کرد، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە چۆن هەردوو دیاردەی هیۆمۆلایز و زەردوویی دەتوانن کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینە بایۆکیمیایی و کلینیکییەکان هەبێت، بۆ ئەوەش جەختی لەسەر مامەڵەکردنی دروستی نموونەکان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵەی دەستنیشانکردن.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا، مستەفا زیاد یاوەرى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى تاقیگەکە، لەو چوارچێوەیەشدا کورتە باسێکى گشتی لەسەر ئامێرە شیکارییەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد کە لە پشکنینە تاقیگەییە ڕۆتینییەکاندا بەکاردەهێنرێن، لەوانە ئامێرەکانی شیکاری بایۆکیمیایی، ئامێرەکانی خوێنناسی (هیماتۆلۆژی) و سیستمەکانی کارلێککەر (reagent systems). هەروەها ئاماژەی بە پرەنسیپەکانی کارکردنی هەریەک لەو ئامێرانە و گرنگییان لە دڵنیابوون لە وردبینی و متمانەپێکراوی ئەنجامەکان بۆ فێرخوازان کرد.
سەردانەکە بە گفتوگۆیەکی زانستی کاریگەر لە نێوان فێرخوازان و ستافی تاقیگە کۆتایی هات، کە تیایدا جەخت لە ئەزموونە مەیدانییەکان کرایەوە بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بە ژینگەى کارکردن و، بەرزکردنەوەى کارامەییەکانی تایبەت بە چۆنیەتى کارکردن لە تاقیگەکان.