فێرخوازانى بەشى شیکاری کیمیایی پزیشکی لە تاقیگەی هیستۆپاتۆلۆژی نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاهێنان دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (١٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم (C1) لە بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ تاقیگەی هیستۆپاتۆلۆژی لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامدا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستاى یاریدەدەر زوبەیدا هیشام شاکر و یاریدەدەری تاقیگە خاتوو مەناڵ فیراس بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش خاتوو زەینەب جەلال عەلی، پسپۆڕی هیستۆپاتۆلۆژی لە نەخۆشخانەکە دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا شیکردنەوەیەکی وردی لەبارەی پڕۆسەی کارکردنی تاقیگە و هەر قۆناغێکی پڕۆسەی شیکاریی هیستۆپاتۆلۆژییەوە پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
پاشان دەرفەتى بە فێرخوازان دا لە نزیکەوە چاودێرى چۆنیەتى وەرگرتنى نموونەی شانەی پاتۆلۆژی بکەن، هەر لە دەستپێکردن بە جێگیرکردن لە فۆرماڵین بۆ پاراستنی پێکهاتەکانی خانە و شانەکان. دواتریش خاتوو زەینەب زەینەب جەلال عەلی هەنگاوەکانی دیکەى بە وردى ڕوون کردەوە کە بریتی بوون لە وشککردنەوەی شانە، پاککردنەوە، چەقاندن لە پارافین و بڕین بە مایکرۆتۆم، کە ڕێگە بە ئامادەکردنی پارچە شانەی تەنک دەدات بۆ پشکنینی مایکرۆسکۆپی. پاشان، شێوازی ڕەنگکردنی هیماتۆکسیلین و ئیۆسین (H&E)ی پیشانى فێرخوازاندا، کە باوترین ڕێگەیە لە هیستۆپاتۆلۆژیدا، بۆ ئەو مەبەستەش زەینەب جەلال عەلی ڕوونی کردەوە کە چۆن هیماتۆکسیلین ناوکەکان بە ڕەنگی شین ڕەنگ دەکات لە کاتێکدا ئیۆسین سایتۆپلازم و ماددەی دەرەوەی خانە بە ڕەنگی پەمەیی ڕەنگ دەکات، ئەمەش یارمەتیدەرە لە جیاکردنەوەی ڕوونی پێکهاتەکانی شانە.
دوای ڕەنگکردن، فێرخوازان ئاشناى چۆنیەتى ئامادەکردنى سلایدەکان کران، کە لەژێر مایکرۆسکۆپی ڕووناکیدا پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی گۆڕانکارییە پاتۆلۆژییەکان وەک مردنی شانە، هەوکردن یان شێوەی خانەی نائاسایی.






