فێرخوازانى بەشى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی چالاکی تەندروستی خۆبەخشانە لە ماڵى ئارامی لە بنەسڵاوە بەڕێوەدەبەن
گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە چالاکییەکی تەندروستی خۆبەخشانەدا لە ماڵی ئارامی بۆ چاودێریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بێ ماڵ ئەنجامدا.
لەو چالاکیەدا، کە لە ڕۆژانى (٦ تا ٩/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محمد بەردەوام بوو، فێرخوازانى لە ماڵى ئارام کە دەکەوێتە شارۆچکەى بنەسڵاوە سەرەتا فێرخوازان لە لایەن نەرمین شەعبان سەرپەرشتیاری ماڵ و سەرۆکى ڕێکخراوی ئەرمای بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان فێرخوازان دەستیان بە چالاکیەکانیان کرد، کە بریتبوون لە پشکنینی تەندروستی گشتى بۆ دانیشتوانی ماڵەکە، بۆ ئەو مەبەستەش نمونەی خوێنیان بۆ ئەنجامدانى کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکی لە کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەتى ماڵەکە کۆکردەوە، بۆ پێوانەکردنى ژمارەی خوێنی تەواو (CBC)، پشکنینی کارکردنی گورچیلە، ئاستی شەکری خوێن و، پێوانەکردنی پەستانی خوێن.
دوای کۆکردنەوە و شیکردنەوەی نمونەکان لە تاقیگەدا، فێرخوازان ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٩/٢/٢٠٢٥) گەڕانەوە بۆ ماڵى ئارامی بۆ پێشکەشکردنی ئەنجامی پشکنینەکان بۆ کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە ماڵەکە و دەستنیشانکردنی پزیشکی و هۆشیارکردنەوەیان سەبارەت بە پرسە تەندروستییەکان. ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی باشترکردنی تەندروستی دانیشتوانی ماڵەکە و بەرزکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لەنێو فێرخوازان بوو.
لە بەرانبەردا خاتوو نەرمین شەعبان سوپاسى ئەو چالاکیە خۆبەخشیەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، جەختی لە گرنگی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کردەوە لە پاڵپشتیکردنی ئەو چین و توێژانەى کۆمەڵگە کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارى هەیە.