فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس ژەمە خواردنێک بۆ ماڵى بەساڵاچوان ئامادە دەکەن
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (20ی 1ی 2025) فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری ڕەغد جومارد سەردانى ماڵى بەساڵاچوانیان لە شارى هەولێر کرد و، ژەمى نانی نیوەڕۆیان بۆ بەساڵاچوانى ماڵەکەدا بەشێوەیەکى تەندروست و ڕەچاوکردنى تەمەنى بەساڵاچوان ئامادەکرد.
بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا لەلایەن سەنگەر جەمال بەڕێوەبەری ماڵى بەساڵاچووان بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، ئینجا ڕونکردنەوەیەکی لەبارەى چۆنیەتی کارکردن لە ماڵەکە و ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەشی بە ساڵاچوانى دەکەن پێشکەشى فێرخوازانى کرد. پاشان فێرخوازان بەشەکانى ماڵەکەیان بەسەرکردەوە و زانیارییان لەسەر بەشە جیاوازەکان وەرگرت، لەوانەش چێشتخانەکە کە ژەمەکانی تێدا ئامادەدەکرێت بۆ بەساڵاچووان، ئەوەش جێی بایەخى فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکسە، هەربۆیە لە میانی گەشتەکەیاندا، فێرخوازان زانیاری بەنرخیان سەبارەت بەو چاودێری تەندروستییە گشتیەی کە کەسانی بەساڵاچوو وەریدەگرن بەدەستهێنا، لەوانەش ئەو خۆراکە کە ڕۆژانە پێشکەشیان دەکرێ. هەروەها ستافی پزیشکی ماڵەکە ئەو شێوازە جیاوازانەیان بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە کە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و خۆشگوزەرانی دانیشتووانى ماڵەکە بەکاردەهێنرێن، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر گرنگی خۆراکی دروست کردەوە لە پاراستنی تەندروستییان.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیان و، بەڕەچاوکردنى بنەما تەندروستیەکان و لەبەر ڕۆشنایی بنەما پزیشکیە کارپێکراوەکان لە ماڵەکەدا، فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس ژەمى خۆراکى نێوەڕۆیان بۆ بەساڵاچوانى ماڵەکە ئامادە کرد، ئەم ئەزموونە نەک هەر تێگەیشتنی فێرخوازانى لە بوارى خۆراک و چاودێری تەندروستی بەساڵاچووان بەرزکردەوە، بەڵکو هەستی خزمەتکردنی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیشی لەلاى فێرخوازانیش بەهێز کرد.