فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس زانیاری پراکتیکی سەبارەت بە چۆنیەتى سەرپەرشتیکردن و ئامادەکردنى خۆراردن لە نەخۆشخانەکان بەدەست دەهێنن
ڕۆژی پێنجشەممە 23ی 1ی 2025، فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی (مامۆستا تەنیا سەلام) سەرۆکى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس، سەردانی نەخۆشخانەی سەروەرانیان لە شارى هەولێر کرد، بەئامانجى ئاشنابوون و تێگەیشتن لە خۆراکی کلینیکی و بەڕێوەبردنی خۆراک بۆ نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکاندا.
بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن بارستۆ جەلیل، بەڕێوەبەری کارگێڕی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، ئینجا لەگەڵ پزیشکێکی پسپۆڕ (دکتۆر هۆدا محەمەد) دیدارێکیان ئەنجامدا، لە میانەى دیدارەکەدا پیزشکى پسپۆڕ باسى لەسەر ڕۆڵی خۆراک لە چاودێریکردنی نەخۆش کرد، بۆ ئەوەش وتى گرنگە لە ئامادەکردنى خۆراک ڕەچاوى چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی پێداویستییە خۆراکیەکانی نەخۆشەکان، پەرەپێدانی پلانی ژەمەکان و، هاوکاریکردن لەگەڵ ستافی پزیشکی پسپۆڕ هەبێ بۆ پشتگیریکردنی لە پرۆسەی چاکبوونەوە، هەروەها فێرخوازانى ئاشناى هەنگاوەکانى چۆنیەتى ڕێجیمکردنى بۆ ئەو نەخۆشانە کرد، کە حاڵەتی پزیشکی تایبەتیان هەیە، وەک نەخۆشی شەکرە، نەخۆشی گورچیلە، تێکچوونی گەدە و ڕیخۆڵە و حاڵەتەکانی دوای نەشتەرگەری. سەرەڕای ئەوەش، فێرخوازان فێری ڕێکارە ستانداردەکانى ئامادەکردن و دابەشکردنی ژەمەکان کران، لەوانەش ستانداردەکانی سەلامەتی خۆراک، کۆنترۆڵکردنی بەشەکان، ئەنجامدانی گۆڕانکاری کەسی لە خۆراکدا بە پشتبەستن بە پێداویستییە پزیشکییەکانی نەخۆشەکان.
هەر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى نەخۆشخانەکەدا، فێرخوازن زانیارى پێویستیان لەبارەى توانای بەکارهێنانی زانستی خۆراک لە ناوەندە تەندروستییەکان و ژینگەى چارەسەرى نەخۆش و چارەسەرخوازان بەدەستهێنا، ئەم چالاکیانەى سەرۆکایەتى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس بۆ ڕاهێنان و ئاشناکردنى زیاترى فێرخوازانە بە ژینگەى کارکردن و بەرزکردنەوەى توانا و لێهاتویی فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکان.