فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانى نەخۆشخانەى ژینى تایبەت دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (4ی شوباتی 2025)، لە چوارچێوەی پەرەپێدانی توانا ئەکادیمی و پیشەییەکانى بەشەکە، سەرۆکایەتى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم، بەسەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەر ڕەغد عەبدولسەتار) بۆ نەخۆشخانەى ژینى تایبەت ڕێکخست.
مامۆستا و فێرخوازان لەلایەن محمد احمد بەڕێوەبەری کارگێڕى نەخۆشخانەکە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازان کرا بۆ بۆ ئاشنابوون و بەسەرکردنەوەى لایەنە جیاوازەکانی خۆراکی کلینیکی لە ژینگەی تەندروستیدا، بۆ ئەو مەبەستەش بەدواداچوونیان بۆ هەڵسەنگاندنى خۆراک و پێداویستییە خۆراکیەکانی نەخۆشەکانى نەخۆشخانەکە کرد، بەتایبەت پلانی خواردنی کەسی، کە بە هاوکاری لەگەڵ تیمە پزیشکییەکان ئامادەیان دەکەن بۆ باشترکردنی بارى تەندروستی نەخۆشەکان. لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان سەردانی چێشتخانەی نەخۆشخانەکەیان کردووە، لەوێ چاودێری پرۆسەی ئامادەکردنی ژەمی نەخۆشەکانیان کرد بەپێی ڕەچەتەی پزیشکی. لەو چوارچێوەیەشدا ئاشناى ستانداردەکانی سەلامەتی خۆراک، کۆنترۆڵکردنی بەشەکان و تەرخانکردنی ژەمەکان بوون.
لە بەرانبەردا مامۆستاى یاریدەر ڕەغد عەبدولسەتار دەستخۆشى لە ستافى نەخۆشخانەکە کرد، کە هاوکارى فێرخوازان بوون بۆ ڕێکخستن و بەسەرکردنەوەى بەشەکانى نەخۆشخانەکە، کە دەبێتە یارمەتیدەرێکى باش بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانیاری ئەکادیمی و باشتر ئاشنابوون بە ژینگەى پراکتیکی کارکردن.