فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس سەردانى سەنتەری نیوتریشن و دایەتێتیکس دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (5/2/2025)، بەسەرپەرشتی (دکتۆر عیسمەت خالق)، فێرخوازانی قۆناغی دووەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانی سەنتەری نیوتریشن و دایەتێتیکسیان لە شارى هەولێر کرد.
لەگەڵ گەیشتن بە فێرخوازان بە سەنتەرەکە، لەلایەن کاک عەلی حوسێن خاوەنی سەنتەرەکەوە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لەو خزمەتگوزاری و ئاسانکاریانەی سەنتەرەکەیان بۆ فێرخوازان کرد کە لەبەردەستدان، وتیشى لە سەنتەری نیوتریشن و دایەتێتیکس ئامرازی پێشکەوتووی هەڵسەنگاندنی خۆراک و ئامێری دەستنیشانکردنمان هەیە، کە بۆ هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی و پێداویستییە خۆراکیەکانی نەخۆشەکان بەکاردەهێنرێن. هەر لەو چوارچێوەیەدا عەلى حوسێن کۆمەڵێک زانیاریی گرنگى لەبارەى کۆمەڵێک پشکنین کە لە سەنتەرەکەدا ئەنجامدراون پێشکەش بە فێرخوازان کرد، لەوانە پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI)، ڕێژەی گۆڕانکاری بنەڕەتی (BMR)، هەڵسەنگاندنی پێکهاتەی جەستە، پشکنینی شەکری خوێن، شیکاری چەوری خوێن، تاقیکردنەوەی بەرگەنەگرتنی خۆراک و، ڕێکارەکانی ڕاوێژکاری خۆراک، هەر لە میانەى قسەکانیدا خاوەنى سەنتەرى نیوتریشن و دایەتێتیکس باسى لە گرنگی ئەم پشکنینانەی لە هەڵسەنگاندنی باری خۆراک و دەستنیشانکردنی مەترسییە تەندروستییەکان و پەرەپێدانی پلانی خۆراکی کەسی بۆ نەخۆشەکان ڕوونکردەوە.
سەردانەکە بووە ئەزموونی کردەیی فێرخوازان سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی هەڵسەنگاندنی خۆراکی و پلاندانانی خۆراک لە شوێنى کارکردندا. هەروەها ئاستى تێگەیشتنی فێرخوازانى لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی بنەما زانستییەکان لە خۆراکی کلینیکیدا بۆ باشترکردنی دەرئەنجامە تەندروستییەکان بەرزکردەوە.