فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە قوتابخانەی ١١ی ئازار چالاکیەکی تەندروستی خۆبەخشانە ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەم و سێیەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر چالاکییەکی تەندروستی خۆبەخشانەیان لە قوتابخانەی 11ی ئازار ئەنجامدا.
لەو چالاکیەدا، کە ئامانج لە ڕێکخستنى پێشخستنی ئاستى هۆشیاری تەندروستی لە نێوان قوتابیانی تەمەن ١١-١٢ ساڵان بوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا ئاسایی خەسرۆ عوسمان، بەڕێوەبەری قوتابخانە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، لە وتەیەکدا پشتگیرى بۆ هەوڵەکانی فێرخوازان دوپاتکردەوە، پاشان فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس دەستیان بە چالاکیەکانیان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا پشکنینی پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI)یان بۆ منداڵان و مامۆستایانی قوتابخانە ئەنجامدا، بۆ ئەوەش ڕوونیان کردەوە کە چۆن کێش و باڵا پەیوەندییان بە تەندروستی و گەشەی گشتییەوە هەیە. هەروەها هانی فێرخوازانیاندا ڕێگەى تەندروست بگرنەبەر بۆ باشبوونی جەستەیی خۆیان دەکەن.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سیمینارێکیان بەناونیشانی (گرنگی پاراستنی دۆخی جەستەی دروست لە کاتی گەشەکردندا) پێشکەش کرد، لە میانەى سیمینارەکەیاندا فێرخوازان تیشکیان خستە سەر چۆنیەتی دانیشتن و وەستان و هەڵگرتنی جانتای قوتابخانە بە شێوەیەکی دروست بۆ ئەوەی ئازاری پشت و ملیان نەبێت و ڕێکخستنی جەستەیان باشتر بکات. هەروەها فێرخوازان ڕوونکردنەوەی کردارییان لەسەر دۆخی دروستی جەستەیی لە کاتی خوێندن و، دوورکەوتنەوە لە فشاری زۆر پێشکەش بە قوتابیان کرد، جگە لە کۆمەڵێک ڕاهێنانی سادە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی دۆخی دروستی جەستەیان.