فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە سەنتەری بانکی خوێندا بەدواداچوون بۆ گرنگی بەخشینی خوێن دەکەن
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٤/٣/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر ڕەغد جۆمەرد، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە سەردانێکی زانستى سەنتەری بانکی خوێن-یان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
لەگەڵ گەیشتنیان لەلایەن عەباس محەمەد بەگەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر ڕێکارەکانی خوێنبەخشین و پرۆتۆکۆڵی سەلامەتی و پشکنینی پزیشکی پێویست بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی و سەلامەتی خوێنی بەخشراو پێداون، پاشان فێرخوازان فێری میکانیزمی پۆلێنکردن و شیکردنەوە و هەڵگرتنی نمونەی خوێن بەپێی ستانداردە پزیشکییەکان کران بەتایبەت پێش گواستنەوەی بۆ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان پێى هەیە. هەر لە میانەى سەردانەکەیاندا، تیمی سەنتەرەکە فێرخوازانیان ئاشناى سوودە تەندروستییەکانی بەخشینی خوێن کرد، بەتایبەت لە ڕووى جەستەییەوە دەبێتە هۆى هاندانی بەرهەمهێنانەوەی خانە نوێیەکانی خوێن، باشترکردنی سوڕی خوێن، کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی دڵ.
لە کۆتایی سەردانەکەدا سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاسی ستافی سەنتەری بانکی خوێن-یان کرد بۆ ئەو زانیارییە بەنرخانەی پێیان بەخشین. هەروەها جەختیان لە گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە بەخشینی خوێن لە کۆمەڵگەدا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی سیستمی تەندروستی و ڕزگارکردنی ژیانی ئەو نەخۆشانەى پێویستیان بە خوێن هەیە.