فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەيی و زانسته وەرزشيەکان سەرپەرشتى پێشبڕکێیەکى وەرزشى دەکەن
فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەيی و زانسته وەرزشيەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەرپەرشتى پێشبڕکیەکى وەرزشى نێوان فێرخوازانى قوتابخانەى جیهان دەکەن.
جەرەیان حازم محی یەکێک لە فێرخوازانى قۆناخى چوارەمى بەشى پەروەردەى جەستەيی و زانسته وەرزشيەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا و، بۆ پراکتیزەکردنى ئەو وانانەى لە ماوەى خوێندن فێرى بووە، پێشبڕکێیەکى وەرزشى بۆ فێرخوازانى قوتابخانەى جیهان ڕێکخست.
لەو چوارچێوەیەدا، لە هەنگاوى یەکەمدا لەسەر بنەمایەکى زانستى وەرزشى فێرخوازەکانى دەستنیشانکرد، لەهەنگاوى دوەمدا ڕاهێنانى چڕى بەفێرخوازان کرد، پاشان دوو تیپى جیاوازى لە نێوان فێرخوازانى پۆلى نۆیەم و پۆلى یازدەیەم پێکهێنا، پاشان ئاشناى هونەرەکانى وەرزش و چۆنیەتى کێبڕکێى یاریکردنیکردن.
لە هەنگاوى کۆتایدا، کە بەئامادەبونى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە و هاندەرانى هەردوو تیپ یاریەکى بەهێز بەڕێوەچوو، لە ئەنجامى یاریەکەدا فێرخوازانى پۆلى یازدەیەم توانیان یاریەکە بەقازانجى خۆیان کۆتایى پێبهێنن و سەرکەوتن تۆمار بکەن، پێشبڕکیە وەرزشیەکە بووە مایەى خۆشحاڵى فێرخوازان و مامۆستایانى ئامادەبوو.