فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى باس لە خۆراکى تەندروست بۆ قوتابیانى قوتابخانەیەک دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥/١٠/٢٠٢٥، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خۆراکەوە، ژمارەیەک فێرخوازى بەشی پەروەردەی گشتی سەردانی قوتابخانەی بارزیان کرد بابەتێکیان بە ناونیشانی: “خۆراکەکەت تۆ دروست دەکات: زانستی دەرونی خۆراک و تەندروستی دەرونی” پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
سەرەتا فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (شیوان ڕوشدی، مازن شیروان، جومانە حەسەن، و مریەم عەبدولعەزیز) بە گەرمی لەلایەن ڕاستی غەفور فەتاح، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە و بەڕێز محەمەد حەمەئەمین، بەڕێوەبەری چالاکییەکان پێشوازییان لێکرا، لە دوو وتەى جیادا ستایشى هەوڵەکانی فێرخوازانی کرد و ئامادەى هەر جۆرە چالاکیەکە دوپات کردەوە، پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى بابەتەکەیان خستەڕوو و، تیایدا باسیان لە پەیوەندی نزیکی نێوان خۆراک و تەندروستی دەرونی کرد، بۆ ئەوەش ڕوونیان کردەوە چۆن جۆری ئەو خۆراکەی دەیخۆین کاریگەری لەسەر باری دەرونی، هاندان، ئاستەکانی سترێس و تواناکانی ناسین هەیە، هەروەک جەختیان لەسەر گرنگی خواردنی ئەو خۆراکانە کردەوە کە دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان بۆ پاراستنی تەندروستی مێشک. هەروەها باسی چەمکی “خواردنی سۆزداری”یان کرد کە پەیوەستە بە هەستە نەرێنییەکانەوە وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ یان بێزاری.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر هانى قوتابیانى قوتابخانەکەى کرد خواردنی بەسوود و بەهۆشیارى بیخۆن، وەک خواردن بە هێواشی، ئاگادارى نیشانەکانی برسێتی و تێربوون و چێژوەرگرتن لە خواردن بن، چونکە هەموو ئەمانە کاریگەرییەکی ئەرێنیان لەسەر باشترکردنی هاوسەنگی دەرونی و کەمکردنەوەی سترێس هەیە، هەروەها ئامۆژگارییان کرد بە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکی هاوسەنگ لە ڕێگەی خواردنی خۆراکە جۆراوجۆرەکان و، خواردنەوەی بڕی پێویست ئاو، دوورکەوتنەوە لە کافایین و شەکری زیادە، و خواردنی ژەمەکان لە کاتێکی ڕێک و پێکدا.