فێرخوازانى بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتیی و دیبلۆماسییەکان بەشداری لە وۆرک شۆپێکی تایبەت بە پەرەپێدانی دامەزراوە داراییەکان بە بەکارهێنانی میکانیزمەکانی ژیریی دەستکرد دەکەن
بە ئامانجی بەهێزکردنی لایەنی پراکتیکی فێرخوازان و ئاشناکردنیان بە نوێترین گۆڕانکارییەکانی بواری سیاسەت و ئابووری، سەرۆکایەتى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان لە کۆلێژی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرک شۆپێک بە ناونیشانی “پەرەپێدانی دامەزراوە داراییەکان بە بەکارهێنانی میکانیزمەکانی ژیریی دەستکرد” بۆ فێرخوازان ڕێکخست.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٩/٢٠٢٥) لە هۆڵی هۆتێل کریستاڵ لە شاری هەولێر، بە هاوکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بەڕێوەچوو، فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان بەشدارییان تێدا کرد و ، تێیدا باس لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ پەرەپێدانی کارایی دامەزراوە داراییەکان، بەرزکردنەوەی شەفافیەت و کارامەیی، هەروەها ڕۆڵی لە باشترکردنی بەڕێوەبردنی مەترسییەکان و پشتگیریکردنی پرۆسەی بڕیاردانی ئابووری کرا. لە بەشیکى دیکەى وۆرک شۆپەکەدا تیشک خرایە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە دامەزراوەکان و وڵاتان لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایانەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوەن هاوکات ئاماژە بە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کیشەکان کرا و فیرخوازانیش بەشدارییەکى چالاکى گفتوگۆییەکانیان کرد.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە زنجیرە چالاکییە زانستی و ڕاهێنانەکانی سەرۆکایەتى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان کە بە هاوکاری دامەزراوە فەرمییەکان ڕێکیدەخات. ئامانج لێی فراوانکردنی ئاسۆى هزر و بیرى فێرخوازان و ئاشناکردنیانە بە نوێترین بەرنامە تەکنەلۆژییەکان لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئابووریدا، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێت و تواناکانیان لە بواری توێژینەوە و ئەکادیمیدا بەهێزتر بکات.