فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى، قوتابیانى قوتابخانەیەک ئاشنایی ڕێگەکانى جەستەیەکى تەندروست دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٣٠/٤/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بەشی چارەسەری سروشتى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (وەلید محەمەد و هەدیل ڕیاض)، کە فێرخوازى قۆناغی سێیەمن، سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی ئێرانی لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن محمد جُلمرزا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیشدا سوپاس و ستایشى هەوڵەکانى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد بۆ بەرەوپێشبردنی هۆشیاری تەندروستی لای فێرخوازان، پاشان فێرخوازان لە یەکێک لە هۆڵەکانى قوتابخانەکەدا بابەتێکیان بەناونیشانی “دۆخى تەندروستى ڕاست لە بەرامبەر دۆخی نادروست” پێشکەش بە فێرخوازان کرد، تیایدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسیان لە گرنگی پاراستنی دۆخی دروستی جەستە لە کاتی چالاکییەکانی ڕۆژانەکانى وەک دانیشتن، وەستان، ڕۆیشتن و هەڵگرتنی جانتای قوتابخانە بۆ فێرخوازان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش هەدیل ریاض باسى لە جیاوازی نێوان خووی دۆخی تەندروست و ناتەندروستی جەستەیی بۆ فێرخوازان کرد و، تیایدا تیشکی خستە سەر دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی خراپی دۆخی جەستە، وەک ئازاری پشت و شێواوی بڕبڕەی پشت و ماندوێتی ماسولکەکان.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیان و، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى تێگەیشتنی قوتابیانى قوتابخانەکە، فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى کۆمەڵێک ئامرازى جۆراوجۆریان بەکارهێنان بۆ ڕونکردنەوەى دۆخە ناتدروستەکان، بەشێک لەو ئامرازانە بریتیبوون لە نمایشکردنى هەندێک فیلم و وێنە کە گوازرشتیان لە ڕەفتارى ناتەندروستى جەستەیی دەکرد، بەشێکى دیکەشیان بریتى بوون لە پیشاندانى ڕەفتارە نەشیاوەکان بە شێوەیەکى پراکتیکى، دواتریش کۆمەڵێک ئامۆژگارى و ڕاهێنانیان پێشکەش بە قوتابیان کرد، کە دەتوانرێت بخرێنە ناو ڕۆتینی ڕۆژانەیانەوە.
لە کۆتاییشدا گفتوگۆیەکى زۆر لە نێوان فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، قوتابیانى قوتابخانەى ئێرانى لە شارى هەولێر سەبارەت بەلایەنە جیاوازەکانى دیکەى بارى تەندروستى جەستە کرا.