فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بەشدارى خولێکى ڕاهێنانى زمانى جەستە دەکەن
سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەهاوکارى پەیمانگەى (Top International Academy) بۆ پەرەپێدانى تواناى مرۆیی، خولێکى ڕاهێنانى لە بوارى زمانى جەستە و هونەرى بێژان کردەوە.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٧/١١/٢٠٢١) لە هۆڵى ئەکادیمیاى جیهان، فێرخوازانى قۆناغى دووەم و سێیەمى بەشى ڕاگەیاندن، بەئامادەبوونى دکتۆر ئامانج عەلى عوسمان سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن بەوەکالەت و، (خاتوو شیلان خالد مستەفا) بەڕێوەبەرى پەیمانگەى (TIA) بۆ پەرەپێدانى تواناى مرۆیی و، مامۆستایانى بەشى ڕاگەیاندن خولەکە دەستپێکرد.
دواى پێشکەشکردنى چەند وتەیەک، لەلایەن (بەڵێن جاف) ڕاهێنەرى پەیمانگەکە بابەتێکى چڕى بەشێوەیەکى تیۆرى و پراکتیکى پێشکەش بەفێرخوازان کرد لەبارەى چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنى چینەکانى دەنگ و دەربڕینى وشەکان بەشێوەیەکى ڕاست و ڕەوان.
هەر لە میانەى بابەتەکەیدا، ڕاهێنەرەکە ڕونکردنەوەى گرنگى لەبارەى گرنگى جوڵەى جەستە و، چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنى کرد بەتایبەت لە گەیاندنى پەیامێکى دیاریکراو بۆ لایەنى بەرامبەر، خولەکە بەڕاهێنانى فێرخوازان بەشێوەیەکى پراکتیکى لەبارەى دەربڕینى وشەکان لەلایەک و، زمانى جەستە و چۆنیەتى کۆنتڕۆڵکردنى جوڵەى دەست و پێیەکان درێژەى پێدرا.
لە کۆتایى خولەکەدا، فێرخوازان چەندین پرسیار و ڕونکردنەوەیان ئاراستەى ڕاهێنەرى خولەکە کرد، ئەوەش بەشێوەیەکى ورد و دەوڵەمەند بەزانیارى وەڵامى فێرخوازانى دایەوە، بەشێوەیەک یارمەتیدەرى فێرخوازان دەبێ بۆ کارى ڕۆژنامەوانیان لە ئایندەدا، بەتایبەت لە کاتى پێشکەشکردنى هەواڵ و، چۆنیەتى ئەنجامدانى چاوپێکەوتنى ڕۆژانامەوانى لە (بوارى ڕۆژنامە، تەلەفزیون، ڕادیۆ).
لە کۆتاى خولەکەشدا (خاتوو شیلان خالد) ئۆفەرێکى تایبەتى پێشکەش بەفێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کرد، بەشێوەیەک دەتوانن بەبێ بەرامبەر بەشدارى سەرجەم خولەکانى پەیمانگەکەیان بکەن، ئەوەش بەئامانجى بەرزکردنەوەى توانا و لێهاتوویی فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە بوارى گفتوگۆکردن و پێشکەشکردن.
کلیک لێرە بکە بۆ بینینى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى خولەکە