فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن سەردانی ڕۆژنامەی خەبات و دەزگاى موکریانی بۆ میدیا دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٣/٤/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى دکتۆر عەلى مونعیم سەردانى ڕۆژنامەی خەبات و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانیان کرد.
لەسەرەتادا شاندەکە لەلایەن سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات و دڵشاد وەسانی بەڕێوەبەرى نوسین لە ڕۆژنامەکە پێشوازییان لێکرا. لە میانی دیدارێکدا سەرنوسەرى ڕۆژنامەکە کورتەیەکی لەبارەی مێژووی ڕۆژنامەی خەبات و قۆناغەکانى گەشەسەندنى پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، جەختی لەسەر گرنگی ڕۆژنامەکە و پێگەی بەرچاوی ڕۆژنامەکە کردەوە لەنێو ئەو ڕۆژنامەیانەی لە ناوچەکەدا کار دەکەن. هەروەها باسى لە مێژووی بڵاوکردنەوەی ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەکە و شێوازی کارکردنی و جۆرەکانی بابەت و ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکە کرد .
پاشان دڵشاد وەسانی بەڕێوەبەرى نوسین یاوەری فێرخوازانىی بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێرى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانی ڕۆژنامەکە، بۆ ئەوەش لە نزیکەوە گوێیان لە بەرپرسانی بەشەکانى ڕۆژنامەکە گرت، کە بەوردى باسیان لە ڕەوتی کارى بەشەکانیان و چۆنیەتی نووسینی هەواڵ و ڕاپۆرت و تەکنیکەکانی تری نووسینی ڕۆژنامەوانییان کرد، هەروەها فێرخوازان لە بەشی ئەرشیف ئاشناى یەکەم نوسخەی ئەو ڕۆژنامەیە کران، کە لە بەغداد و کوردستاندا دەرچووە، هەروەک لە بەشی نەخشە و دیزاین فێرخوازەکان ئاشناى قۆناغەکانی دیزاین و نەخشەی لاپەڕە بوون، پاشان لە بەشی بەدواداچوونى ڕۆژنامەوانى لەگەڵ بەرپرسی بەشەکە کۆبونەوە و، زانیاریی بەنرخی سەبارەت بە سروشتی کارەکانی ئەم بەشەیان پێدرا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن سەردانى چاپخانەی موکریانیان کرد، کە ڕۆژنامەی خەبات و ژمارەیەکی زۆر کتێب و بڵاوکراوەی زانستی و پیشەیی دیکەی تێدا چاپ دەکرێت، بۆ ئەوەش کاروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری دەزگاکە ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی پڕۆسەی چاپکردن و بڵاوکردنەوە پێشکەش بە فێرخوازان کرد.