فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کەناڵى ئاسمانى زاگرۆس بەسەردەکەنەوە
وەک بەشێک لە چالاکیە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن و، بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بۆ چۆنیەتى کارکردنى دامەزراوەکانى ڕاگەیاندن، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن کەناڵى ئاسمانى زاگرۆس بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى سێشەممە بەسەرپەرشتى مامۆستایانى یاریدەدەر (عومەر حەسەن فەهمى) و (دانا عوسمان حەسەن) فێرخوازانى قۆناخى یەکەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێرسەردانى کەناڵى ئاسمانى زاگرۆسیان کرد.
لەسەرەتادا لەلایەن بەڕێوەبەرى بەشى هەواڵ لە کەناڵى زاگرۆس بەگەرمى پێشوازیان لێکرا و، لە ستۆدیۆى هەواڵەکان چۆنیەتى کارکردن لە هەواڵ و جۆرى کامیراکان و سیستمى ڕوناکى لە ستۆدیۆ و وردەکارییەکانى دیکەى کاروبارى هەواڵى بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە.
پاشان فێرخوازان لە بەشى ئەندازیارى پەخش لەلایەن بەڕێوەبەرى پەخش لە کەناڵەکە باس لە کارەکانى پەخشکردن کرد، لەگەڵ ڕونکردنەوەى پێویست لەبارەى چۆنیەتى ڕێکخستنى پەخشى ئێزگەیی و تەلەفزیۆنى و، چۆنیەتى کۆنترۆڵکردنى دەنگ و ڕەنگ و کاتەکانى پەخش .
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانیشدا، فێرخوازان چەندین پرسیاریان لەبارەى وردەکارى کارەکانیان لەگەڵ لێپرسراوانى کەناڵەکە تاوتوێکرد و، وەڵامى پرسیارەکانیش درانەوە.