فێرخوازانى بەشى ژمێریارى هەڵمەتێکى چاندنى نەمام و بەرەوپێشبردنی هۆشیاری ژینگەیی بەڕێوەدەبەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٢/٢٠٢٥) ، فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەستپێشخەرییەکی خۆبەخشانەیان ئەنجامدا کە بریتی بوو لە سەردانکردن بۆ ئامادەیی زەهرا کچان، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی هۆشیاری ژینگەیی و بەشداریکردن لە زیادکردنی فەزای سەوزایی.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر ئیبراهیم حسێن و مامۆستاى یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال بوو، سەرەتاش لەلایەن مامۆستا شەونم جەنگى مستەفا بەڕێوەبەری قوتابخانە و، ژمارەیەک لە ستافی مامۆستایان پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، لە وتەیەکدا بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە دەستخۆشى لەو دەستپێشخەرییە فێرخوازان کرد، پاشان هاوەڵى فێرخوازانیان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان نەمام و گوڵیان لە باخچەی قوتابخانەکان چاند، ئەمەش لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی جوانکردنی ژینگەی قوتابخانە و هاندانی هۆشیاری ژینگەیی لای قوتابیان. هەر لە میانەى ئەم دەستپێشخەرییەدا تیشک خرایە سەر گرنگی زیادکردنی ڕوبەرى سەوزایی لە هەولێر، کە بەشدارە لە باشترکردنی کوالیتی ژیان و پاراستنی سیمای جوانکاری شارەکە.
جگە لە لایەنی ژینگەیی، ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی بۆ فێرخوازان ڕەخساند کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەی ئەکادیمی و کۆمەڵگەی ناوخۆیی بەهێزتر بکەن، هەروەها بۆ نیشاندانی پابەندبوونی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ پشتگیریکردنی دەستپێشخەرییە خۆبەخشەکان و بەشداریکردنی چالاکانە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا.