فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بەنۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکان کارى خۆبەخشى ئەنجام دەدەن
وەک بەشێک لە هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ئەنجامدانی کاری خۆبەخشى و خزمەتکردنى کۆمەڵگە و، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیرى فێرخوازان و، هاندانیان بۆ ئەنجامدانى کاری خێرخوازی و خۆبەخشى بە گشتی و پەرەپێدانی بەدامەزراوە پەروەردەییەکان بە تایبەت، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار بەسەرپەرشتى ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکە لە قۆناغە جیاکان لە ڕێکەوتى (٢٩/١١/٢٠٢١) ژمارەیەک قوتابخانەى ئاوارەکانیان بەسەرکردەوە.
ئامانجی سەردانەکە، کۆکردنەوەى ئامارێک بوو بۆ زانینى کەموکوڕییەکانی قوتابخانەکان لە ژمارەیەک لە کەمپى ئاوارەکانی گەڕەکى فەرمانبەران لە هەولێر لەوانەش قوتابخانەی ئامادەیی سەعادەى بۆ کچان، (600) قوتابى هەیە، قوتابخانەی سەعادەى سەرەتایی بۆ کوڕان (880) قوتابى لەخۆگرتووە، ئامادەیی ئەلتەسامح بۆ کچان (550) قوتابى هەیە، ئامادەیی ئەلتەسامح بۆ کوڕان، کە (550)ى قوتابى هەیە.
سەردانەکە بووە هۆی دەستنیشانکردنی چەندین کێشە، لەوانە چاککردنەوەى کارەبای باڵەخانەى قوتابخانە و دەرگا و پەنجەرەکان و پاراستنی پەنجەرەکان بەفلتەری مێروو و گۆڕینى شووشەی پەنجەرە شکاوەکان و، دابینکردنی کامێرای کۆنترۆڵ لە ڕاڕەو و دەروازەی قوتابخانەکان و، نۆژەنکردنەوەى (WC) قوتابیان و، دابینکردنى پێداویستیەکانى پەڕاوگە و پڕێنتەر و وەرقەى چاپکردن.
لە قۆناغى دووەمى هەڵەمەتەکەدا لێژنەیەک لەمامۆستایان کۆمەک بەخش و فێرخوازانى زانکۆ پێکدەهێنرێ بۆ کۆکردنەوەى کۆمەک و هاوکارییەکان و دابەشکردنى بەسەر ئەو قوتابخانانەدا.
سەردانەکە بەسەرپەرشتی دکتۆر قوسەی حەمید ئەلسەلامی و، مامۆستاى یاریدەدەری محەمەد سابر جامی و، مامۆستاى یاریدەدەری بوشرا عەلی زەینەڵ بەڕێوەچوو.