فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار بە سەردانێکی زانستى دیوانی چاودێری دارایی بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٩/٣/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حمید السلامی، فێرخوازانى قۆناغی سێیەم و چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ دیوانى چاودێرى دارایی ڕێکخست.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەرەتا لەلایەن محسن محمد صالح، بەڕێوەبەری ڕاهێنان و بڕوانامە لە دیوانى چاودێرى دارایی پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکدا بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا کورتەیەکى لەبارەى ئەرک و کار گرنگەکانى چاودێرى دارایی بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەک ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیەکانى چاودێرى دارایی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان هەر لە هۆڵی چالاکیەکانى دیوانى چاودێرى دارایی وەزیر کەمال ساڵح بابەتێکى سەبارەت بە چەمکی چاودێری دارایی، دابەشکردنەکانی ئەرکەکان و، پەیوەندییەکەی بە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت لە هەرێم و حکومەتی فیدراڵی پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە بەشى کۆتایی چالاکیەکەدا، لە ڕێگەی گفتوگۆ و پرسیارەوە، فێرخوازان وردتر ئاشناى کار و ڕۆڵی سەرەکی چاودێرى دارایی کران بەتایبەت لە چۆنیەتى کۆکردنەوەی داهات لە وەزارەت و فەرمانگەکانى حکومەت و دەروازە سنوورییەکان، لەگەڵ چۆنیەتى پرۆسەکانى وردبینی و چاودێریکردن و، گواستنەوەی داهاتەکان بۆ خەزێنەى گشتى حکومەت، هاوکات باس لە چۆنیەتى چاودێریکردنى خەرجکردنى داهات بۆ مووچەی فەرمانبەران و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی پێداویستییەکانی دامەزراوە حکومییەکان کرا.