فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانى بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (2025-10-6) فێرخوازانى قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە شاری هەولێر ئەنجامدا، سەردانەکە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بوو، بەگەیشتنیان لەلایەن دیدار یوسف میرزا بەرێوەبەری بەرێوەبردن بەگەرمی پێشوازیان لێکرا.
لە میانەی سەردانەکەیاندا؛ مامۆستا دیدار یوسف میرزا، تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ڕەوتی کارەکانی ناو بەرێوەبەرایەتیەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، روونیکردەوە ئەوان دوو جۆر خەرجیان هەیە ئەوانیش خەرجی مەڵبەندی و نا مەڵبەندی، بۆ ئەوەش بەگرنگییەوە باسی لە پرۆژە ستراتیجیەکان کردەوە، کە بریتین لە فرۆکەخانە ونفق و پرد و شەقامى ١٥٠ مەتری، پاشان باسى لە چۆنیەتى کارەکانى دیکەى بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بۆ فێرخوازان کرد و، روونیکردەوە کاتێک وەزارەتێک داوای پرۆژەیەک دەکات، بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری ئەندازیارێک ڕەوانەى وەزارەتەکە دەکات بۆ بەدواداچوون بۆ کارەکە، دوایی بریاردەدەن لەسەر پەسەندکردنی پرۆژەکە یاخود ڕەتکردنەوە، لە درێژەی بەسەرکردنەوەى بەشەکانى بەڕێوەبەرایەتیەکە، بەرێوەبەری بەرێوەبردن باسی لە جیاوازی نێوان کاروبارەکانی نێوان دیوانی چاودێری داراییی هەرێمی- کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری کرد، بۆ ئەوەش ووتى: دیوانی چاودێری داراییی هەرێمی- کوردستان دوای کارەکە بەدواداچوون بۆ لایەنى ژمێریارى دەکات، بەڵام بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری پێش ئەنجامدانی کارەکە بەدواداچوون بۆ لایەنى ژمێرکارى دەکات.
هەر لە چوارچێوەى گەشتە زانستیەکەى فێرخوازاندا، ئاری یاسین عثمان بەرێوەبەری خەرجییەکان وتى: لە کارەکانى بەرێوەبەرایەتییەکەمان ژمێریاری حکومی پەیرەو دەکەین لە کارەکانیان، بۆ ئەوەش هانى فێرخوازانیدا کتێبی رێنماییەکان بخوێننەوە، هاوکات بۆشارەزابوون لە کاروباری کەرتی تایبەت هانى فێرخوازانیدا خۆیان فێری پرۆگرامە ژمێرییارییەکان بکەن.