فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانى وەزارەتی ناوخۆ دەکەن
ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی (2025-10-20) بەشی کارگێڕی کار سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەمی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان – هەولێر بۆ وەزارەتی ناوخۆ ڕێکخست.
سەردانەکە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محمد قادر) بەڕێوەچوو، بە گەشتنیان سەردانی دکتۆر هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان کرد. لە میانەی دیدارێکدا، دکتۆر هێمن میرانی روونکردنەوەی بە فێرخوازان دا سەبارەت بە کاروباری وەزارەتەکە و وتى: جگە لە پارێزگاکان، هاوکات هەر چوار ئیدارەی سەربەخۆ کاروبارەکانیان دەگەرێتەوە بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، دواتر باسی لە فەرمانی وزاری کرد کەوا تەنها وەزیر بۆی هەیە فەرمانی وزاری دەربکات بۆ کرین و فرۆشتنی ئوتۆمبێل و کرینی بەنزین، کاروباری کۆچ و کۆچبەران و مۆڵەت و ئیقامە و سالیانەی شوفێری.
لە درێژەی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان سەردانی فتحی مصطفى خضر، بەرێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانیان کرد، بە فێرخوازانی راگەیاند، کاتێک فەرمانبەرێکی نوێ دادەمەزرێنن پێویستیان بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، وتیشى سێ جۆر دامەزراندن هەیە ئەوانیش دامەزراندنی هەمیشەیی، گرێبەست و، گرێبەستی رۆژانە، دواتر تیشکی خستە سەر بلاوکردنەوەی هەلی کارەکان، کە هەندێک کات لە ناوخۆی وەزارەت بڵاوى دەکەنەوە هەندێک کاتیش بەشێوەیەکی دەرەکی واتە لە میدیا بلاوی دەکەنەوە، لە کاتی دامەزراندنی کەسی داواکار دەبێت بروانامە و پشکنینی تەندروستی هەبێت، هەر لە یەکەم رۆژی دامەزراندن مووچەی بۆ خەرج دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بۆماوەی ساڵێک لە ژێر چاودێری دەبێت، ئەگەر هاتوو کەسێکی پاپەند نەبێت ئەوا دەرفەتی پێدەدەن بۆ ماوەی شەش مانگی تر، بەڵام ئەگەر هەر پاپەند نەبێت لەو کاتەدا مافى دامەزراندنەکەى هەڵدەوشێتەوە.
لە درێژەی دانیشتنەکە بەرێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان باسی لە سێ جۆری مۆڵەت کرد وەک مۆڵەتی خوێندن، نەخۆشی، و ئاسایی. هەر فەرمانبەرێک مافی هەیە کەوا مانگانە داوای سێ رۆژ مۆڵەت بکات بەبێ لێبرینی مووچە، بەڵام ئەگەر هاتوو فەرمانبەرێک هیچ مۆڵەتێکی وەرنەگرتبێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ ، ئینجا کۆی مۆڵەتەکانی بگاتە ١،٠٠٠ رۆژ وە خانەنشین بێت ئەوا ئەم رۆژانەی وەک خزمەت بۆ حیساب دەکرێت. پاشان باسی لە موچەی بنەرەتی و دەرماڵە کرد وە دوو جۆر دەرماڵەمان هەیەجۆری یەکەم دەرماڵەی جێگیر واتە تا تۆ بەردەوامی بی لە کارەکەت ئەم دەرماڵەیەت بۆ خەرج دەکرێت وەک دەرماڵەی بروانامە و منداڵ. جۆری دووەم دەرماڵەی ناجێگیر واتە کاتێک لە ئەنجامدانی کارێک مەترسیت لەسەرە بۆت خەرج دەکرێت لەگەڵ تەواوبوونی مەترسیەکە ئەوا دەرماڵەکە دەواستێت.
لە کۆتایی سەردانە، مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر سوپاسی دکتۆر هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و تەواوی ستافی وەزارەتی ناوخۆی کرد بۆ ئەو دەرفەتەی بۆ فێرخوازانیان رەخساند.






