فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار سەردانى کارگەیەکى ئایس کرێم دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بەبوارى کارگێڕى کارکردن، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر (بوشرى عەلى) سەردانێکى مەیدانى بۆ فێرخوازەکانى ڕێکخست.
ڕۆژى سێ شەممە رێکەوتى (٢٠/٤/٢٠٢١) بەهاوڕێیەتى مامۆستاى یاریدەدەر (محەمەد سابر جامى)، فێرخوازانى قۆناغى یەکەم لە بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى کارگەى (گراند ئایس کرێم)یان لە شارى هەولێر کرد، بەگەیشتنیان بەکارگەکە لەلایەن (هانا عەبدولکەریم ئەحمەد) بەڕێوەبەرى بەرهەمهێنان پێشوازیان لێکرا، پاشان هاوەڵى کردن و بەشە جیاکانى کارگەکەیان بەسەرکردەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا، بەرێوەبەرى بەرهەمهێنان لە کارگەکە هەنگاوەکانى چۆنیەتى بەرهەمهێنانى ئایس کرێمى بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە، باسى لەوەش کرد لەهەموو قۆناغەکاندا بایەخێکى زۆر بەکواڵیتى و خێرایی لە بەرهەمهێنان دەدەن، بۆ ئەوەش میکانزمێکى وردى کارکردنمان لە بوارى کارگێڕى داناوە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا بۆ ئەو کارگەیە، فێرخوازان لەگەڵ (هەردى حەمە کەریم) بەڕێوەبەرى ژمێریارى کۆبونەوە، لەو کۆبونەوەیەشدا باس لە میکانزمەکانى کارکردنى لێژنەکانى فرۆشتنى بەرهەمى کارگەکە کرد، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتى کۆکردنەوەى قەرزەکان و، فرۆشتنى ڕۆژانە بەپێى ناوچەى جوگرافى بەتایبەت پارێزگەى هەولێر.
لە کۆتایى سەردانەکەشدا، فێرخوازان چەندین پرسیاریان ئاراستەى لێپرسراوانى کارگەکە کرد بەتایبەت ئەو بڕیارەى حکومەتى هەرێم کە باس لە قەدەغەکردنى هاوردەکردنى ئایس کرێم دەکات و کاریگەرى لەسەر بەرهەمەکانى ئەو کارگە و زیاتر ساخکردنەوەیان لە بازارەکانى کوردستان.