فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار هاوکارى بەسەر قوتابیانى کەمدەرامەتەکانى قوتابخانەکان دابەش دەکەن
لەچوارچێوەی ئەو چالاکییە خێرخوازییە بەردەوامانەی کە لەلایەن فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار لە زانکۆی جیهان ـ هەولێر بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان پێشکەش دەکرێت، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (18/3/2025) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەم بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر دکتۆر قوسەی حەمید ئەلسەلامی و مامۆستاى یاریدەدەر دلۆڤان وریا حەمەد ئەمین کۆمەڵێک سەبەتەى خۆراکیان گەیاندە قوتابخانەی ئەلسەعدەی بنەڕەتی کچان.
سەرەتا مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا بوشرە یونس بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازییان ڵیکرا، لە وتەیەکدا دەستخۆشى لە مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو هەڵمەتە، کە بە هۆیەوە پاڵپشتى لە خێزان و کەس وکارى ئەو قوتابیانە دەکەن، کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارییە، پاشان (٢٥) سەبەتەى خۆراکیان بەسەر ئەو قوتابیانى قوتابخانەکە دابەش کرد بەتایبەت ئەو قوتابیانەى کە لە خێزانى هەژار و کەمدەرامەتن.
بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆى جیهان-هەولێر ساڵانە چەندین دەستپێشخەری خێرخوازیی و مرۆیی جێبەجێ دەکات، بەتایبەت دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی ڕەمەزان، دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆ چاککردنەوەی هۆڵی قوتابخانەکان و، چەندین هەوڵى دیکەى جۆراوجۆر بۆ ئەو توێژانەى پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارییە.