فێرخوازانى بەشى کارگێڕى گشتى بە گەشتێکی زانستی دیوانى وەزارەتی دارایی و ئابووری بەسەردەکەنەوە
بۆ پەرەپێدانی ئاستى تێگەیشتنی کردەیی و ئاشناکردنى فێرخوازان بەژینگە و میکانیزمەکانی کارکردن لە دامەزراوە حکومییەکاندا، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕى گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکی زانستی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فێرخوازانى ڕێکخست.
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٢٩/٩/٢٠٢٥) ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێڕى گشتی، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (راز ئازاد جەلال)، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییان کرد، بە گەیشتنیان لەلایەن (کەیفی سدیق)، بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری لە وەزارەت بەگەرمى پێشوازییان لێکرا، پاشان پوختەیەکی گشتگیری سەبارەت بە وەزارەت و بەشە جیاوازەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەلایەن (فەرهاد عەبدولقادر)، کارمەند لە بەشی وەرگرتە و دەرکرد (صادر و وارد) پێشوازییان لێکرا، ئینجا بە وردی باسى لە شێوازی ڕێکخستن و بەدواداچوونی سەرجەم نامە و دۆکیومێنتە هاتووەکان (وارد) و دەرچووەکان (صادر)ەکانی وەزارەت بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە، بۆ ئەوەش بە وردى تیشکى خستە سەر میکانیزمەکانی وەرگرتن، تۆمارکردن، پۆلێنکردن، ئەرشیفکردنی کاغەزی و ئەلیکترۆنی، هەروەها چۆنیەتی بەدواداچوون بۆ گەیشتنی نامەکان بە شوێنی مەبەست و دڵنیابوون لە نهێنی و سەلامەتییان.
لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى بەڕێوەبەر و کارمەندانى دیوانى وەزارەتى دارایی و ئابوریی کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازان و ئاشنابوون بە بەشە جیاوازەکان.