فێرخوازانى بەشى یاسای زانکۆی جیهان-هەولێر، هۆشیاریی یاسایی لە زانکۆی تیشک بڵاو دەکەنەوە
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٣٠/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وانەیەکی هۆشیاریی یاسایی گشتگیر و تایبەتیان پێشکەش بە فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی تیشک لە هەولێر کرد.
ئەم چالاکییە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دکتۆر سایا مستەفا لە کۆلێژی پزیشکی ددانی زانکۆی تیشک ڕێکخرابوو، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە قوڵی بنەما یاسایی و مەدەنییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی دیموکراسیییان خستە ڕوو، لەو چوارچێوەیەدا هەریەک لە فێرخوازان (مەسرور نیازى، هانا دیار و میهربان حەسەن)، وانەکەیان پێشکەش کرد و، لە تەوەری یەکەمدا، جەخت لەسەر گرنگیی مافی مرۆڤ لە دەنگدان و هەڵبژاردن کرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیان بەچۆنییەتی بەشداریکردنی کارای هاوڵاتیان وەک ئامرازێکی دەستووریی سەرەکی بۆ دیاریکردن و شێوەدانی سیستمی حوکمڕانی و جۆری حکومەت لە هەڵبژاردنەکان کرا.
لە تەوەری دووەمدا، فێرخوازانى بەشى یاسا تیشکیان خستە سەر مافی تاک لە هەڵبژاردنی بە ئازادیی، بۆ ئەوەش جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوەی تەواو لە کاریگەرییە عەشایەری و ناوچەییەکان، و هەر فشارێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی دیکە، کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر شەفافیەتی ئیرادەی دەنگدەر هەبێت.
لە کۆتاییدا، فێرخوازانى بەشى یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکانی ئەندامانی هەڵبژێردراویان ڕوون کردەوە، بۆ ئەوەش تیشکیان خستە سەر ئەرکی سەرەکی هەڵبژێردراوان، کە بریتییە لە نوێنەرایەتیکردنی هەموو هاوڵاتیان و دەنگدەرانیان بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی، نەک تەنها نوێنەرایەتیکردنی ئەو کەسانەی کە دەنگیان پێداون.







