فێرخوازانى بەشى یاسا باس لە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە سەر یاسا و کاریگەریەکانى لەسەر مافەکانی مرۆڤ دەکەن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٣/٤/٢٠٢٥)، هەریەک لە ئەحمەد مستەفا و سۆنیا هیوا، فێرخوازانى قۆناغی یەکەمی کۆلێژی یاسا لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەردانى قوتابخانەی ئایندەی نوێی کوردستانی ناوەندیی ئەهلیان کرد و، لە میانەى چالاکییەکەدا باسیان لە “ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە یاسا و کاریگەرییەکانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ” بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
لەسەرەتادا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا ڕیکان شیروان یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەوە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر ئەحمەد مستەفا کورتەیەکى لەبارەى گرنگی تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ڕۆڵی لە بواری یاسایی بە گشتی و لە بواری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی باس کرد، پاشان پێناسەیەکى زیرەکی دەستکرد کرد. پاشان باسی لەو گۆڕانکاریانە کرد ،کە جیهان لە ئەنجامی تێکەڵکردنی زیرەکی دەستکرد لە کەرتە جیاوازەکاندا ڕویداوە. دواتریش باسی لە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بوارى یاسادا کرد، کە چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر پرۆسەی یاسایی و دادوەری دروست بکات بەتایبەتیش لەسەر مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.
لە بەشی دووەمی چالایکەکەدا سۆنیا هیوا فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکی خستە سەر کاریگەریی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد لەسەر مافی ئاسایش، بۆ ئەو مەبەستەش تیشکى خستە سەر کۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەست بە کاریگەرییە نەرێنی و ئەرێنییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایانە لەسەر مافی ئاسایش لەخۆگرتبوو، ڕوونیشیکردەوە کە چۆن ئەم تەکنەلۆژیایانە دەتوانێ هەم لایەنی ئەرێنی و هەم لایەنی نەرێنییان هەبێت. پاشان بە هێنانەوەى کۆمەڵێک نموونە ناوەڕۆکى بابەتەکەى زیاتر دەوڵەمەند کرد، بەتایبەت بەکارهێنانى کامێرای چاودێری، ئامێری ڕادار و بەرنامەکانی شیکاری کۆمەڵایەتی کە کاریگەرییان لەسەر مافى ئاسایش هەیە.
لە کۆتایی چالاکیەکەدا، قوتابیانى قوتابخانەکە لەگەڵ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک گفتوگۆیان لەبارەى لایەنە جیاوازەکانى بابەتەکە کرد و، لە کۆتایشدا یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد.