فێرخوازانى بەشى یاسا سەردانی وەزارەتی داد لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٩/٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغی پێنجەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەسەرپەرشتی د. ئەحمەد جەودەت عەلی عوزەیری، بە سەردانێکی زانستیدا؛ وەزارەتی دادیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرکردەوە.
سەرەتا لەلایەن تارا ئەمین ئیسماعیل، بەڕێوەبەری پرۆتۆکۆلەوە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوانى باڵا کۆبوونەوە، لەوانە فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، کە لە میانەى دیدارێکدا هیوای سەرکەوتنی بۆ فێرخوازان خواست بەتایبەت لە پیشەی ئەکادیمی، هەروەها جەختی لەسەر گرنگی ئەم جۆرە سەردانانە کردەوە لە بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی یاسایی کارپێکراوەکان و، سوودوەرگرتن لە ئەزموونە کردارییەکانیان و، بەرزکردنەوەی ئاستى توانا و لێهاتوییان بۆ کارى پیشەیی، جا چ وەک پارێزەر، دادوەر یان ڕاوێژکاری یاسایی لە داهاتوودا.
هەر لە چوارچێوەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەگەڵ ژماریەک بەرپرسانی دیکەى باڵاى وەزارەتى داد کۆبونەوە، لەوانە شیلان عارف حەمە، بریکاری وەزیری داد، سوزان ڕەشید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی دیوانى وەزارەت و، دکتۆر بۆتان بەکر عوسمان، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی و، دادوەر بدرالدين کەریم حەمەدئەمین، بەرپرسى ڕادەستکردنەوەی تاوانباران لە وەزارەتی داد، بۆ ئەوەش بریکارى وەزیرى داد باسى لە پێکهاتەى وەزارەت و سیستمی یاسایی و دامەزراوەیی دادى کرد، هەروەک دەرفەت بۆ فێرخوازان ڕەخسێندرا ڕاستەوخۆ ئاشناى میکانیزمەکانی کارەکانی وەزارەت لە بەشە جیاوازەکان ببن بەتایبەت لە ڕێکخستنی کاروباری یاسایی و جێبەجێکردنی دادپەروەری و پاراستنی مافەکان و پێشخستنی سەروەری یاسادا.