فێرخوازانى بەشى یاسا لە قوتابخانەیەک باس لە گرنگیی مافەکانی مرۆڤ دەکەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٢٤/١١/٢٠٢٥)، هەریەک لە فێرخوازان (موبین فاخیر کەریم) و (ئومێد هێرش نامیق)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سیمینارێکی هۆشیارییان بۆ فێرخوازانی قوتابخانەی (شێخ سەعیدی پیران)ـی بنەڕەتیی تێکەڵاو لە شاری هەولێر پێشکەش کرد.
چالاکییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە، خاتوو (مەهاباد تەلعەت عوبێد) ڕێکخرا کە خۆی پێشوازی لە فێرخوازان کرد. دواتریش فێرخوازان سیمینارێکیان بە ناونیشانی (مافەکانی مرۆڤ بنەمای کەرامەت و دادپەروەریی جیهانییە) پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانە کرد. سەرەتا بە خستنەڕووی مێژووی مافەکانی مرۆڤ دەستیان پێ کرد، لە ڕەگ و ڕیشە فەلسەفییەکانەوە بۆ بەڵگەنامەی (ماگناکارتا) تا دەگاتە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان.، واتر، تیشکیان خستە سەر بنەما سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ و جەختیان لە چەمکەکانی کەرامەتی ڕەسەن، یەکسانی و ئازادی کردەوە وەک سێ کۆڵەکەی سەرەکی کە هیچ تاکێک سازشیان لەسەر ناکات.
سیمینارەکە گفتوگۆکردنی لەسەر ئەو ئاڵنگارییانە لەخۆگرتبوو کە ڕووبەڕووی مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە، وەک هەژاری، جیاکاریی ڕەگەزی و پێشێلکارییەکانی مافی ژنان و منداڵان لە ناوچەکانی ململانێدا. لە کۆتاییدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆڵی هاووڵاتی لە چەسپاندن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگرنگیەوە باس کرد و، جەختیان لە بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی لە چاودێریکردن، هۆشیارکردنەوە و جووڵەی مەدەنی کردەوە، بۆ ئەوەش داوایان لە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد ببنە باڵیۆزی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگەکەیاندا.





