فێرخوازانى بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی و ئينفۆرماتيك لە میانەى سەردانێکى مەیدانیدا ئاشناى نوێترین بەرهەمە تەکنەلۆژیاکان دەکرێن
ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦) سەرۆکایەتى بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و زانیاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دوعا حەیدەر)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەم بۆ ناوەندی “ئلیکترۆ مۆڵ” ڕێکخست.
لە وێستگەی سەرەکی سەردانەکەدا، فێرخوازان لەگەڵ پسپۆڕی تەکنیکی (محەمەد کامەران) کۆبوونەوە. لەو چوارچێوەیەدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان ئینجا لە وتەیەکیدا تیشکی خستە سەر ئەو بازدانە تەکنەلۆژییانەی کە لە ساڵی 2026دا ڕویانداوە، بۆ ئەوەش محەمەد کامەران ڕوونکردنەوەی زانستی پێشکەش بە فێرخوازان کرد سەبارەت بە جیاوازیی نێوان نەوە نوێیەکانی پڕۆسێسەر (CPU) و کارتە گرافیکییەکان، بەتایبەت ئەو جۆرانەی کە پشتگیری لە پرۆسەکانی “هۆشی دەستکرد” و “فێربوونی ئامێر – Machine Learning” دەکەن.
محەمەد کامەران هەر لە میانەى لە قسەکانیدا بۆ فێرخوازان جەختی لەوە کردەوە: “ئێستا تەنها خێرایی پڕۆسێسەر پێوەر نییە، بەڵکو گونجانی ڕەقەکاڵاکان (Hardware Integration) لەگەڵ سیستمە سۆفتوێرییەکان و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ داتای گەورە (Big Data) ئەو خاڵەیە کە دەبێت فێرخوازانی ئەندازیاری ڕەچاوی بکەن لە کاتی هەڵبژاردنی ئامێرەکانیاندا.” هەروەها بەراوردکارییەکی ووردی لە نێوان سیستمی ساردکەرەوەی ئامێرەکان و جۆرەکانی یادگەی کاتی (RAM) و، کاریگەرییان لەسەر خێرایی کۆد نووسین و جێبەجێکردنی پڕۆژە ئەندازیارییەکان بۆ شیکردنەوە.
لە بەشێکی تری سەردانەکەیاندا، فێرخوازان بەشێوەیەکی مەیدانى ئاشناى نوێترین ئامێرە زیرەکەکان و سیستمی پەیوەستبوونیان (Ecosystem)کران، بۆ ئەو مەبەستەش محەمەد کامەران ڕێنمایی فێرخوازانى کرد، کە چۆن باشترین ئامێر بە کەمترین تێچوو و بەرزترین کوالێتی بۆ کارە پرۆفێشناڵەکانیان دەستنیشان بکەن.
ئەم سەردانە بە گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان فێرخوازان و پسپۆڕانی ناوەندەکە کۆتایی هات، کە تێیدا فێرخوازان سوودمەند بوون لە بینینی نوێترین تەکنەلۆژییەکان بەشێوەیەکى پراکتیکیی.







