فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك باس زیرەکی دەستکرد و بەکارهێنانی لە هەواڵەکان دەکەن
بەمەبەستی هاندانی فێرخوازان بۆ داهێنان و بەشداریکردنی کاریگەر لە پرسەکانى ڕۆژ، سەرۆکایەتى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر سمینارێکى بۆ دوو فێرخوازى بەشەکەى ڕێکخست لەبارەى زیرەکى دەستکرد.
لە میانەى پێشکەشکردنى ئەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢١/١/٢٠٢٥) لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بە ئامادەبوونى مامۆستایانى بەش و فێرخوازان لەسەرجەم بەشەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو، هەریەک لە فێرخوازانى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك (رحيمه كادح وياسمين احمد) بەشێوەیەکى زانستى و ورد باسیان لە ئایندەی زیرەکی دەستکرد و بەکارھێنانی لە بواری داڕشتنى ھەواڵ کرد، هەر لە میانەى بابەتەکانیاندا باسیان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی ناوەڕۆکی هەواڵەکان و پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی ساختە کرد. جگە لەوەش تیشکیان خستە سەر ئەو ئاستەنگ و دەرفەتانەی کە زیرەکی دەستکرد لەم بوارەدا پێشکەشی تاکەکانى کۆمەڵگە و هاوڵاتیان بەشێوەیەکى گشتى و میدیاکاران بەشێوەیەکى تایبەتى دەکات.
ناوەڕۆکى بابەتەکە بووە جێى سەرەنجى ئامادەبووان، هەربۆیە فێرخوازانى بەشداربوو بە خستنەڕووى کۆمەڵێک سەرەنج و پرسیار و بۆچوون بەشداریان لە دەوڵەمەندکردنى ناوەڕۆکى بابەتەکەدا کرد، بەو هۆیەوە فێرخوازان لە سەرجەم بەشەکانی زانکۆ زیاتر لە گرنگی زیرەکی دەستکرد تێگەیشتن بەتایبەت لە بوارى میدیاییدا.