فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی بە سەردانێکى زانستی لایەنە ئەندازیارییەکانى قەڵای هەولێر بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٨/٩/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ قەڵای دێرینى هەولێر ڕێکخست.
لەو سەردانە زانستیەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان لەلایەن هەوراز موزەفەر عومەر پێشوازییان لێکرا، لە میانەى بەسەرکردنەوەى تەلار و باڵەخانەمێژوییەکانى قەڵاى هەولێردا، هەوراز موزەفەر باسى لەو وێرانکارییە سەرەکییانە کرد کە قەڵاکە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا تووشی هاتووە، پاشان باسى لە تەواوى وردەکارییەکی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بەردەوامی توخمە تەلارسازییەکانی قەڵاکە بۆ فێرخوازان کرد، هەروەک پلانەکانی داهاتوو بۆ ژیانەوەی قەڵاک بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە، بەجۆرێک لە نۆژەنکردنەوەکاندا ڕەچاوى ئەوە دەکرێ کە زیاتر بۆ ژیان و بەردەوامی گونجاو بێ، لەهەمان کاتدا جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە قەڵاى هەولێر لە داهاتوویەکی نزیکدا بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بە ڕووی خەڵکی گشتی و سەردانیکەران لە سەرانسەری جیهاندا دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتووری و میراتی شارستانی لە هەولێر و دەرەوەی.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان سەردانی ماڵی کەلتووری زانکۆی جیهان-یان کرد، کە کۆمەڵێک بەرهەم و کاری دەستی و نەریتى کوردەواری تیادا نمایش کراوە و، بۆتە شوێنێک بۆ کۆبوونەوە و چالاکییە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکان لە قەڵاى هەولێر.
قەڵاى هەولێر یەکێک لە کۆنترینى شوێنى نیشتەجێبوونە شارستانییەکانى جیهان کە تا ئێستا ژیان تیایدا بەردەوامە و، لە لیستی میراتی جیهانی یونسکۆدا تۆمار کراوە، لە میانەى سەردانەکەیاندا فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى لە نزیکەوە ئاشناى ڕەگ و ڕیشەی لایەنى تەلارسازی، کەلتووری و میراتیی قەڵاى هەولێر بوون.