فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی بەشێوەیەکى مەیدانى پرۆژەکانى تایبەت بە بوارى تەلارسازى لە هەولێر بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٢٩/٩/٢٠٢٥) فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر مەیس فەهمی سەلیم، سەردانێکی زانستییان بۆ گەڕەکی وەزیران لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
لە میانەى سەردانە مەیدانیەکەیاندا، مامۆستای یاریدەدەر مەیس فەهمی شیکردنەوەیەکی گشتگیری لەسەر شێوازی لەبارەى دیزاینى تەلارسازى شێوازى دروستکردنى پرۆژەیەکى ڤێلا لە شوێنە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش شیکردنەوەی لەبارەى سروشتی زەوییەکە؛ جۆری خاک، تۆپۆگرافیا و فاکتەرە کەشوهەواییە کاریگەرەکان باسکرد، هەروەها باسى ڕێڕەوەکانی هاتووچۆ و قەبارەکانی و دیاریکردنی پانی شەقامەکانی دەوروبەر بۆ دەستنیشانکردنی دەروازە پێشنیارکراوەکان بۆ پڕۆژەکە بۆ فێرخوازان کرد. هەر لە میانەى بەسەرکردنەوەى شوێنى جێبەجێکردنى پڕۆژەکەدا فێرخوازان لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتیار گفتوگۆیان لەسەر شێوازە تەلارسازییەکانی بیناکان و کەرەستەکانیان کرد، بەو پێیەی پارچە زەوییەکە چەندین بینای نیشتەجێبوون، تاوەر و یەکێک لە گرنگترین پارکەکانی هەولێر (پارکی سامی عەبدولڕەحمان) دەوریان داوە.
هاوکات لە میانەی گەشتەکەدا، فێرخوازان گفتوگۆیان لەبارەى وردەکارییەکانی پڕۆژەکە کرد، کە کاری لەسەر دەکەن، جگە لەوەش بەدواداچونیان بۆ شێوازە تەلارسازییەکانی ناوچە دەوروبەرەکە کرد، کە پارک، بازاڕ، تاوەر و بینای نیشتەجێبوونی لەخۆگرتبوو. هاوکات، زانیارییان لەبارەی کەرەستەکانی بیناسازی، تەکنەلۆژیای دروستکردن و وردەکارییەکانی دیکە لەلایەن مامۆستاى سەرپەرشتیار بەدەستهێنا کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی دیزاین و پڕۆسەی کارەکانیان.