فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی بە سەردانێکی زانستی هۆڵی میدیا بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/13، بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستی مەیدانی بۆ هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر بۆ فێرخوازانى قۆناغی سێیەم بە سەرپەرشتی دکتۆرە نەغم ئیسماعیل یەحیا ڕێکخست.
بە گەیشتنیان فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن شونیار جەلال کەریم، لە ستافى کارگێڕی هۆڵی میدیا، پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا بە گرنگیەوە لە سەردانە ئەکادیمییەکەى ڕووانى و، هاوکاری تەواوی خستەڕوو بۆ ئاسانکاری فێرخوازان بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاوازەکانى هۆڵەکە وئاشنابوون بە لایەنى تەلارسازى هۆڵى چالاکى هونەرى.
بۆ ئەو مەبەستە و لە کاتى بەسەرکردنەوەى هۆڵەکەدا دکتۆرە نەغم ئیسماعیل یەحیا شیکردنەوەیەکی گشتگیری سەبارەت بە پێکهاتەی تەلارسازی، ڕێکخستنی بۆشایی، سیستمەکانی هاتووچۆکردن، نەخشەی کارایی هۆڵەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ووتى: سەرەڕای تەمەنی مێژوویی؛ بەڵام هۆڵی میدیا وەک نموونەیەکی نایاب لە یەکگرتوویی دیزاین و ڕوونی کارایی ماوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش زانیارى بە نرخ و گرنگى پێشکەش بە فێرخوازان کرد بۆ ئەوەى لە کاتى دیزاینکردنى هۆڵى چالاکیە هونەرى و کەلتورییەکان ڕەچاوى بکەن.
لە بەشى کۆتایی گەشتە زانستیەکەیاندا، فێرخوازانى لە نزیکەوە ئاشناى توخمە تەلارسازییەکانی دیزاینی شانۆ کرد، لەوانە ئەکۆستیک، ڕووناککردنەوە، پلەبەندی بۆشایی، هاتووچۆ و پەیوەندی نێوان بینەر و شانۆ.